نوێنەری رێكخراوی ئاشتی و ئازادی بەشداریكرد لەكۆبونەوەیەكی تایبەت بەڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لەكوردستان و عێراق كە لەلایەن لەلایەن رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە UNAMI لە٢٦/٥/٢٠١٩ ئەنجامدرا.

لەكۆبونەوەكەدا، دانیاڵ بێل سەرۆكی نوێی ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی سەر بەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق، گویبیستی نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیبوو سەبارەت بەكار و چالاكییەكانیان و هەوڵەكانیان بۆ بەرەوپێش بردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق و هەرێمی كوردستان.

سەنگەر یوسف نوێنەری ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی تیشكی خستە سەر كار و چالاكییەكانی رێكخراوەكەمان لەبوارەكانی بونیادنانی ئاشتی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان و رەوشی ئازادی رادەربڕین و پێشێلكارییەكان. 

نوێنەرەكەی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی ئەوەشی خستەروو كە لەچوارچێوەی پڕۆسەی پانۆڕامای خولی گشتگیر UPR، رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەساڵی ٢٠١٩ دوو ڕاپۆرتی UPR پێشكەش بەئەنجومەنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان لەجنێڤكردووە.

هەر لەكۆبونەوەكەدا ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤی سەر بەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان لەعێراق بەگرنگیەوە باسی لەڕۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیكرد لەپڕۆسەی بەرەوپێشبردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق و هەرێمی كوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان ئۆفیسی مافەكانی مرۆڤ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دووپاتكرایەوە.