لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان راپۆرتی ژمارە (17 و 18) ی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لەسەر رەوشی رۆژنامەگەری لە هەرێم لەساڵی 2016دا بڵاوكردەوە. 
ناونیشانی راپۆرتی ئەمساڵی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە ژێر ناوی ( بەرەو بەرفراوانتربوونی پانتایی ئازادی )دایە و ئاماری پێشێلكارییەكانی ساڵی رابردوو دژ بە رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان خراوەتەڕوو.
لە ئاشكراكردنی راپۆرتەكەدا كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (7/1/2017) لە هۆڵی ئەمنەسورەكەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، نەقیب و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسان ئامادەی بوون.
لەسەرەتای راپۆرتەكەدا كە لە كۆنگرەكەدا خوێندرایەوە، هاتووە: "یەكێك لە ئەركە هەرە گرنگەكانی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، هەر شەش مانگ جارێك راپۆرتێك بۆ رای گشتی بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی لەسەر رەوشی رۆژنامەگەری و ئاماری سەرجەم ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت بڵاوبكاتەوە، لێرەدا راپۆرتی ژمارە(١٧)ی شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٦، هەرچەندە ئەو راپۆرتە لە كاتی خۆیدا بڵاوكراوەتەوە لەگەڵ راپۆرتی ژمارە(١٨)ی شەش مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ وەكو راپۆرتی گشتی ساڵانە و بەراوردكردنی ئاماری پێشێلكارییەكانی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ساڵی ٢٠١٦ بەخشتەیەك بۆ رای گشتی بڵاودەكاتەوە". 
بە گوێرەی راپۆرتەكە كۆی گشتی ئەو پێشێلكاریانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان لە ساڵی(٢٠١٦) دا ئەنجام دراون بریتیین لە (٤٥) حاڵەتی جۆراوجۆر كە بەرامبەر بە (٨٠) رۆژنامەنووس ئەنجام دراون، لە كاتێكدا كۆی گشتی ئەو پێشێلكارییەكانی ساڵی ٢٠١٥ بریتی بوون لە (٣٢) حاڵەتی جۆراو جۆر كە بەرامبەر (٧٢) رۆژنامەنووس ئەنجامدرابوون. حاڵەتەكانیش بریتی بوون لە : - 
ـ تیرۆر (٢) 
- هەوڵی تیرۆرو تەقاندنەوە (١)
- شەهیدبوون (١)
- سوتاندن (١)
- گرتن (٢)
- بریندار بوون (١)
- لێدان (١٠)
- رێگەنەدان (٢٣) 
- هەڕەشە (٤)
لە راپۆرتەكەدا راوبۆچوونی لیژنەی داكۆكی لەسەر رەوشی رۆژنامەگەریی و هۆكاری بەردەوام بوون و زیادبوونی رێژەی پێشێلكارییەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان لە چەند خاڵێكدا خراونەتە روو، كە برتین لە :- 
- بەردەوام بوونی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسان و هێشتنەوە و فەرامۆشكردنی كەیسی بكوژانی رۆژنامەنووسان بۆ ماوەیەكی درێژ و دەستگیرنەكردنی بكوژانی رۆژنامەنووسان بەڵگەن بۆ ئەوەی كە خەریكە هەرێمی كوردستان ببێتە ژینگەیەكی ئارام بۆ داڵدەدانی بكوژانی رۆژنامەنووسان، كەمەش وادەكات دەسەڵاتی سیاسی و ئەزموونی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربرین و ئازادی رۆژنامەنووسی بخاتە ژێر پرسیاری جددیەوە. - لەكاتی قووڵبونەوەی پەیوەندییەسیاسیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكانی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندنن، بە پێچەوانەوە لە كاتی ئاسایی بونەوەو باش بوونی پەیوەندییە سیاسییەكانی نیوان پارتە سیاسیەكان رێژەی پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان روو لە كەمبوونەوەدایە، ئەم حاڵەتەش بەروونی لە دوو توێی راپۆرتەكانی لیژنەی داكۆكی هەستی پێدەكرێت. - نەبوونی گرێبەستی كاركردن لە نێوان هەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن و میدیاكاران یان ئاشكرانەكردنی ناوەرۆكی گرێبەستەكان و پەسندنەكردنی لە سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە، كە لەبرگەی(٧)ی ماددەی(٧)ی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە(٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ دا هاتووە، یەكێكە لە هۆكارەكانی پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگاكانی میدیاوە. 
-جێبەجێنەكردنی یاسای مافی بەدەست هێنانی زانیاری و جیاكارییكردن لە پێدانی زانیاری پێویست لە نێوان رۆژنامەنووسان و میدیاكاندا. 
-كەم ئەزموونی هەندێك لە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی میدیا لە رووماڵكردنی پێشكەوتن و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكانی شەری دژ بە تیرۆرستانی داعش، كە هەندێك جار كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی سەربازی و لۆجستی و هەتا سایكۆلۆژیشی هەیە. 
-بەهۆی بەردەوام بوونی قەیرانی دارایی بەدەیان دەزگای پەخش و راگەیاندن لەكار وەستاون و بەسەدان رۆژنامەنووس و میدیاكار بێ كارماونەتەوە كەبێگومان ئەم حالەتی دوورخرانەوەیەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەرماف و گوزەرانی رۆژنامەنووسان. 
-نەبوونی متمانە لە نێوان رۆژنامەنووسان و بەشێك لە دادگاكان وای لە رۆژنامەنووسان كردووە لە كاتی ئەنجامدانی پێشێلكاری بەرامبەریان سكاڵای یاسایی لە دادگاكان تۆمار نەكەن. 
- كار پێنەكردن بە یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان ژمارە(٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ لە بەشێك لە دادگاكان، هەرچەند لە ئێستادا ئەم حاڵەتە كەمتر بەدی دەكرێت. 
-هەندێك لە میدیاكانی كوردستان بەتایبەتیش لە(رادیۆو تەلەفزیۆن)ـەكاندا لە رێگەی بەرنامەكانیانەوە لەجیاتی ئەوەی رۆڵی كاریگەری ئەرێنیان لە قوڵكردنەوەی بنەماكانی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان  هەبێت، بە پێچەوانەوە دەبنە هۆكارێك بۆ لێكترازان لە نێوان كایەكانی كۆمەڵگەدا. 
-كەم ئەزموونی بەشێك لە رۆژنامەنووسان بە پێوەرە پیشەییەكان و كەمی زانیاری لەسەر یاساكان و بە تایبەتیش یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان وایكردووە كەمتر ئاشنابن بە ئەرك و مافەكانیان. - تێنەگەیشتن لە ئەرك و كاریگەری میدیا لەلایەن هەندێك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی. 
لە كۆتایی راپۆرتەكەشدا سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان داوا لە لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات "رێز لە یاسا و پیشەیی رۆژنامەنووسی و بە تایبەتیش ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان بگرن، چونكە رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی كاریگەریان هەیە لە بەرەوپێش بردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و هەنگاونان بەرەو چەسپاندنی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەك داوا لە رۆژنامەنووسان دەكەن لە چوارچێوەی یاسا و پشت بەستن بە پێوەری بەڵێنامەی شەرەفی پیشەی رۆژنامەنووسی ئەركە رۆژنامەوانیەكانیان ئەنجامدەن و لەكاتی بوونی هەر پێشێلكاریەك كە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت لەلایەن هەركەس و لایەنێك بێت و لەژێر هەر پاساوێكدا بێت پێویستە بەزووترین كات لیژنەی داكۆكی لێ ئاگادار بكەنەوە و لە دادگاكاندا سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن".