رێکخراوی ئاشتی و ئازادی
منظمة السلام و الحریة
Peace and Freedom Organization

 

راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشی ژنانی ئاواره‌ له‌نێو كه‌مپه‌كانی هه‌ولێر

 

راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی ژنان و ئافره‌تانی ئاواره‌ی له‌كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و ده‌ڵێن توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان له‌ كه‌مپه‌كاندا به‌هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌متر تۆمارده‌كرێت

12.04.2017

هه‌ولێر -

 

راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی ژنان و ئافره‌تانی ئاواره‌ی له‌كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و ده‌ڵێن توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌تان له‌ كه‌مپه‌كاندا به‌هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌متر تۆمارده‌كرێت، به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پرۆژه‌ی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری له‌ رێكخراوی رێكخراوی فریاگوزاری میللی"پاو"، په‌رێز عه‌بدولستار له‌ لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو ده‌ڵێت "ده‌مانه‌وێت رێوشوێنی گونجاوتر بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئافره‌تانی نێو كه‌مپه‌كان بگرینه‌به‌ر".

ئه‌و چوار لایه‌نه‌ی راپۆرته‌كه‌یان ئاماده‌كردووه‌ باس له‌ پێنج جۆر له‌ حاڵه‌تی توندوتیژی دژبه‌ ژنان له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌كه‌ن.

 

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رێكخراوی فریاگوزاری میللی"پاو" به‌هاوكاری ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان و رێكخراوی" UNDP" له‌ كۆنفڕانسێكدا له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی هۆتێل چوارچرا له‌ شاری هه‌ولێر راپۆرتی ره‌وشی ژنان و ئافره‌تانی ئاواره‌ی له‌ كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و به‌رپرسانی حكوومیی په‌یوه‌ندیدار و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خسته‌ روو.

 

له‌ دوو توێی شه‌ش لاپه‌ڕه‌دا راپۆرته‌كه‌ چه‌ندین زانیاریی تێدایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌و ژنه‌ ئاوارانه‌ی كه‌ له‌ كه‌مپه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كراوه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی كۆتایی ساڵی 2016دا تۆماركراوه‌.

 

له‌و راپۆرته‌دا ژماره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ 27ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2016 ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوونە، دیاری كراوه‌ كه‌ 276 هه‌زار و 44 خێزان ده‌بن و یه‌ك ملیۆن و 379 هه‌زار و 134 كه‌س پێكده‌هێنن و ئه‌م ژماره‌یه‌ش به‌سه‌ر سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

ژماره‌ی ئاواره‌كان به‌ته‌نها له‌ پارێزگای هه‌ولێر 112 هه‌زار و 64 خێزانن کە 560 هه‌زار و 320 كه‌س پێكده‌هێنن، له‌نێو ئه‌و ژماره‌یه‌شدا ته‌نها سێ له‌سه‌دییان نیشته‌جێی كه‌مپه‌كانن، 97 له‌سه‌دیشیان له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانن.

 

هه‌روه‌ها له‌ پارێزگای هه‌ولێر سێ كه‌مپ بۆ ئاواره‌كان كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش كه‌مپه‌كانی هه‌رشه‌م، به‌حركه‌، كه‌مپی ئاشتیین.

 

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی ژنان و ئافره‌تان له‌و كه‌مپانه‌، له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌ له‌كه‌مپی به‌حركه‌ نزیكه‌ی 49 له‌سه‌دی ئافره‌تن، نزیكه‌ی دوو هه‌زار و 69 ره‌گه‌زی مێ هه‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ تێبینییان كردووه‌ هیچ ئافره‌ت یان كچێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی كه‌مپ یان به‌رپرسی كه‌مپ نیین له‌وێ، ئه‌گه‌رچی 157 ئافره‌ت له‌وێ سه‌رۆك خێزانن.

 

ده‌رباره‌ی توندوتیژییه‌كانی دژبه‌ ژنان و كچان له‌و كه‌مپه‌ كه‌ به‌نموونه‌ وه‌رگیراوه‌، پێنج جۆری توندوتیژی دیاریكراون كه‌ له‌نێویاندا توندوتیژی سێكسی هه‌یه‌ و له‌م كه‌مپه‌دا له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو نۆ حاڵه‌ت تۆماركراوه‌ كه‌ حه‌وتییان گێچه‌ڵی سێكسی و دوو حاڵه‌تیشیان لاقه‌كردن بووه‌.

 

هه‌رچی توندوتیژی جه‌سته‌ییه‌ ئه‌وا 11 حاڵه‌ت تۆماركراوه‌، له‌گه‌ڵ 13 حاڵه‌تی توندوتیژی ده‌روونی، هه‌روه‌ها شه‌ش توندوتیژی ئابووری و 24 توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی و كرداری نه‌ریتی، له‌وانه‌ 16 به‌جێهێشتنی قوتابخانه‌، چوار هاوسه‌رگیری پێش وه‌خت، دوو به‌زۆر جیابوونه‌وه‌ و دوو فره‌ژنی هه‌بووه‌.

 

هه‌روه‌ها له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی گه‌ڕۆكی ئه‌و رێكخراوانه‌ تێبینییان كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا جۆر و شێوازی توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌زی زۆرتر له‌و ژماره‌ و حاڵه‌تانه‌ هه‌یه‌ كه‌ تۆماركراون، به‌ڵام به‌هۆی دابونه‌ریت و كولتوور و ترس له‌ باوك و برا و مێرد و گومانكردن به‌وه‌ی كه‌ نهێنیان پارێزراو نه‌بێت ناچن سكاڵا تۆمار بكه‌ن و داوای مافه‌كانی خۆیان بكه‌ن.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پرۆژه‌ی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری له‌ رێكخراوی فریاگوزاری میللی"پاو"، په‌رێز عه‌بدولستار له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند "پڕۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ راپۆرتێكه‌ له‌سه‌ر توندوتیژیی دژ به‌ ئافره‌تان و ژنان و پارێزگاریكردن له‌ ئافره‌تانی كه‌مپه‌كان له‌ بازرگانی پێوه‌كردنییان، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن چوار لایه‌نه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی له‌و راپۆرته‌دا هاتووه‌، ته‌نها په‌یوه‌نده‌ به‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ ئاواره‌ن، ئاماره‌كانی راپۆرته‌كه‌ش هی شه‌ش مانگی دووه‌می ساڵی 2016یه‌".

 

گوتیشی: "ئێمه‌ پێمان باش بوو له‌م كۆنفڕانسه‌ راپۆرته‌كه‌ بخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی لایه‌نه‌ به‌رپرس و په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خزمه‌تگوزاریی باشتر دابین بكه‌ین و پارێزگاریی زیاتر له‌و ئافره‌تانه‌ بكه‌ین كه‌ رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌".

 

په‌رێز عه‌بدولستار هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی گوت: "زۆرینه‌ی ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌و ئافره‌تانه‌ له‌نێو كه‌مپه‌كان ده‌كرێت سه‌رچاوه‌كه‌ی ناو كه‌مپه‌كان خۆیانن و ئاماره‌كان ده‌ریده‌خه‌ن توندوتیژییه‌كان كه‌م نیین، به‌شێكیشیان له‌ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانن، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ش ژنی ماڵه‌وه‌ن، چونكه‌ كه‌متر ده‌رفه‌تی كاركردنییان له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ دابینكراوه‌".

 

چه‌ندین جاره‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هۆشداریی ده‌ده‌نه‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن له‌وه‌ی ئافره‌تان له‌ كه‌مپه‌كان توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان له‌راپۆرته‌كانیدا دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ و داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی باشتر و گونجاوتر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كانیان كردووه‌.