رێکخراوی ئاشتی و ئازادی
منظمة السلام و الحریة
Peace and Freedom Organization

یاداشتنامه‌ی تایبه‌ت له‌باره‌ی ره‌وشی ئازادی كاری رێكخراوه‌یی وئازادی راده‌ربڕین له‌هه‌رێمی كوردستان

ئازادی كاریی رێكخراوه‌یی وئازادی راده‌ربڕین یه‌كێك له‌كۆڵه‌گه‌ بنچینه‌ییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌می دیموكراسی . له‌ هه‌موو شوێنێكدا راده‌و مه‌ودای پانتیی و به‌روپێشچوونیان ده‌كرێته‌ مه‌حه‌ك بۆ راده‌ی پێشكه‌وتن و چه‌سپاندنی دیموكراسیه‌ت وئاستی پارێرزراوی مافه‌كانی مرۆڤ.
له‌هه‌رێمی كوردستاندا له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ 20 ساڵی رابردوودا ،توێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگای كوردستانی و رێكخراوو كۆڕو كۆمه‌ڵه‌ودامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وكه‌ناڵ وده‌زگاكانی میدیا وچالاكوان وئه‌كادیمی و،كه‌سانی ئازادیخواز ونیشتمانپه‌روه‌ر،رۆڵی گرنكیان بینیوه‌ له‌وه‌ی پانتایی ئازادی كاری رێكخراوه‌یی وئازادی راده‌ربڕین له‌هه‌رێمی كوردستاندا،فراوان ببێت.
رێكخراوو دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وچالاكوانان له‌وه‌ته‌ی ساڵی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌و شوێن ده‌ستی دیاریان هه‌بووه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان و،ئێستاش له‌و ره‌وشه‌ ئابوورییه‌ناله‌باره‌ی هه‌رێم ،وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ رێكخراوو دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان هاوكاروهه‌ماهه‌نگن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌هانه‌وه‌چوونی ئاواره‌كان،ئه‌وه‌ هه‌زاران هاوڵاتی هه‌رێم له‌ریزی رێكخراوه‌كاندا كارده‌كه‌ن وبژێوی ژیانیان دابینده‌كه‌ن و،بۆته‌ بارسوكیه‌ك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش.له‌ته‌ك ئه‌وانیشدا میدیای كوردستانی رۆڵێكی گرنگی بینیوه‌ له‌ هوشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان وفراوانكردنی پانتایی ئازادی راده‌ربڕین و،گه‌یاندنی دۆزی گه‌لی كوردستان به‌ ناوچه‌كه‌و وڵاتانی هه‌رێم وهه‌موو جیهان.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانی وهه‌ڵوێستی ئێمه‌یه‌،له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا خه‌ریكه‌ پاشه‌كشه‌ده‌كرێت له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی 20ساڵی رابردوودا به‌ده‌ستهاتوون.ئه‌و هه‌وڵانه‌ش هه‌موویان له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێم و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی بواری مافی مرۆڤن، كه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێكیان ده‌كه‌ین:
1- دیارده‌ی ده‌ربازبوون له‌ سزا،رۆژ دوای رۆژ زیاتر ده‌بێت.به‌تایبه‌تی له‌و كه‌یسانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ ئازادی راده‌ربڕین.ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانن.
2- گرتن ولێدانی چالاكوانانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی وهه‌ڕه‌شه‌لێكردن لێیان.
3- داخستنی ئۆفیسی چه‌ند رێكخراوێك و بوارنه‌دان به‌ ئه‌نجام دانی چالاكی رێكخراوه‌كان له‌ هۆتێل و شوێنه‌گشتیه‌كان به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی هێزه‌كانی ئاسایش، له‌ كاتێكدا به‌ پێی یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م كاره‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاسایشه‌وه‌ نییه‌.كاری رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسایه‌كی تایبه‌تی له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ رێكخراوه‌.
4- گرتنه‌به‌ری رێكاری نایاسایی له‌ لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كانی كوردستان و زیادكردنی داواكاری جۆراوجۆر. تازه‌ترینیان نوێ كردنه‌وه‌ی فه‌رمانی دامه‌زراندن و نمونه‌ی پێشكه‌ش كردنی فۆرمی راپۆرت نوسین و رۆتیناتی تر، كه‌ دیاره‌ ئه‌مانه‌ش ده‌بنه‌ هۆیی به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی رۆڵ و كاریگه‌ری رێكخراوه‌كان و دروست كردنی له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م دامه‌زراندنی رێكخراوی تازه‌ .
5- ئێمه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ پێمان وایه‌ پڕۆسه‌ی شه‌فافیه‌ت ودژ گه‌نده‌ڵی ده‌بێت پڕۆسه‌یه‌كی به‌به‌رنامه‌و گشتگیر بێت وهیچ لایه‌ك لێی ده‌رباز نه‌بێت،به‌ڵام به‌ گومانه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ فشارخستنه‌سه‌ر هه‌ندێك رێكخراوی چالاك وبه‌ناوبانگ و ناوزڕاندنیان ،له‌رێگه‌ی جوڵه‌پێكردن به‌ دامه‌زراوه‌كانی چاودێری و دادوه‌ری به‌رامبه‌ریان ،نموونه‌ی ( دیوانی چاودێری دارایی ، داواكاری گشتی ، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ).
6- به‌پێی یاسای رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ،رێكخراوه‌كان له‌ باج به‌خشراون به‌و پێیه‌ی كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانج ناكه‌ن.به‌ڵام به‌پێی ئه‌و رێكاره‌ی كه‌ كاری پێده‌كرێت له‌ ئێستادا تێكه‌ڵ به‌كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیاكان كراون و ده‌بێت باجی كارمه‌ندانیان بده‌ن .كه‌ ئه‌و رێ وشوێنه‌ش پێمان وایه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تیدا دێت.
له‌كاتێكدا هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه‌ رێكخراوی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دامه‌زراوه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت نیه‌ وكار بۆ قازانج ناكات.
به‌رێزان ..
له‌ كاتێك ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گۆرانكاری گرنگ دایه‌ ، هه‌رێم پێویستی به‌ هه‌موو جۆره‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دیموكراسی هه‌یه‌. هه‌رێم پێویستی به‌وه‌یه‌ بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌كانی پته‌وترو سه‌قامگیرتربكات و مافه‌كانی مرۆڤ تیایدا پارێزراوتربێت، نه‌ك به‌ رێكارو هه‌نگاوگه‌لێك كه‌ ببێته‌ هۆی دابڕان و له‌یه‌كتر دوركه‌وتنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت ومافی ئازادی راده‌ربڕین به‌رته‌سك تر بكرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌پرسین ئه‌و گوشارانه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ر رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ورۆژنامه‌نووسان وچالاكوانان له‌ خزمه‌تی كێ دایه‌؟.
بۆیه‌ داواكارین ئه‌و پێشێلكاری ومامه‌ڵه‌ نادیموكراسیانه‌ ڕابگیرێت و ، ده‌رگا له‌سه‌ر چالاكوان و رێكخراو و رۆژنامه‌نووسان وكه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن واڵا بكرێت و،پانتایی ئازادی كاریی رێكخراوه‌یی و ئازادی راده‌ربڕین فراوان بكرێت. تاوه‌كو له‌رێگه‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و میدیا بتوانن له‌م قۆناغه‌ هه‌ستشاره‌شدا رۆڵی چاوه‌ڕوانكراوی خۆیان ببیننن.

رێكخراوه‌كانی كوردستان
2-4-2017