ئەمرۆ سێشمە 8ی ئابى 2019 شاندێكی گروپی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربڕینی رێكخراوی ئاشتی و ئازادی لەچوارچێوەی كارەكانی كۆڕبەندی كۆمەڵایەتی كوردستان سەردانی لیژنەی رۆشنبیری كۆمەڵی مەدەنیانكرد لەپەرلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكەدا كۆبونەوە.

شاندی رێكخراو لەبارەی رەوشی ئازادی رادەربرین و بەتایبەت كەیسی دەستگیركردنی بریار محمد و مامەڵەی نایاسایی هێزە ئەمنییەكان و رۆڵی پەرلەمان كوردستان لەبەدواداچونی كەسەكانی ئازادی رادەربڕین رای خۆیان خستەروو .

لەبەرامبەرادا لوقمان علی ئەندامی پەرلەمان و سەرۆكی لیژنە پاڵپشتی خۆیانی بۆ ئازادی رادەربڕین دەربڕی و ئامادەیی لیژنەكەشی نیشاندا بۆ سەردانی مەیدانی بۆ لای بریار محمد و كەیسەكانی ئازادی رادەربڕین .

لەدرێژەی كۆبونەوەكەدا شاندی رێكخراو لەبارەی چۆنیەتی پاراستنی ئازادییەكان و بابەتی ئاسایشی رەقەمی و ژیانی تایبەتی رۆژنامەنوس و چالاكوانان و ئەنجامی یاداشتنامەی هەڵمەتی نیشتمانی پاڵپشتی لەئازادی رادەبرین تێگەیشتنی خۆیان بۆ پەرلەمانتاران خستە روو.

لەبەرامبەردا سەرۆكی لێژنە جەختی لەوەكردوە كە دەقی یاداشتنامەكە و ئیمزاكان بەنوسراوێكی فەرمی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانكراوە بەمەبەستی كاركردن لەسەری و خستنەبەرنامەی كارەوە.

هەروەها پاڵپشتی خۆشی بۆ كارەكان و چۆنیەتی پاراستنی هەڵسوراوان لەبابەتی ئاسیاشی رەقەمی دووپاتكردوە .

گروپی پاڵپشتی میدیا و ئازادی رادەربرین لەچەندین كەناڵی ترەوە بەردەوامە لەبەدواداچون بۆ كەیسی بڕیاری محمدی رۆژنامەنوس و بەنیگەرانیەوە دەڕوانێتە مامڵەی هێزە ئەمنییەكان كە لەدەرەوەی چوارچێوەی یاسایی مامەڵە لەگەڵ كەیسەكانی ئازادی رادەربڕین دەكەن .

لەسەرەتای ئەم ساڵ لەچوارچێوەی كەمپینی پاڵپشتی لەئازادی رادەربڕین زیاتر لە15 هەزار واژۆ پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانكرا.