لهبارهی كۆڕبهندی كۆمهڵایهتی جیهانییهوه
لە دایک بوونی:
لە دەیەی یەکەمی هەزارەی سێیەمدا ئەزموونی کۆڕبەندیی کۆمهڵایهتی جیهانی (World social Form) کە بە کورتکراوەی (WSF) دەناسرێت سەریهەڵدا. سەرەتای کارەکانی لەوێوە دەستی پێکرد کە ژمارەیەک رێکخراوی جەماوەری بەرازیلیو هاوپەیمانی رێکخراوە مەدەنییەکانی بەرازیل بە هاوکاری دەسەڵاتە نێوخۆییەکان لە ویلایەتی (ریوگراند دۆسۆل) بەتایبەتی لە شاری (بۆرتۆ ئالگیریی) یەکەم کۆڕبەند گرێدرا لەماوەی نێوان (25 – 30)ی کانوونی دووەمی ساڵی 2001 و نزیکەی (12000) چاڵاکوانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی لەناوچە جیاجیاکانی جیهانەوە تیایدا ئامادەبوون.
پێناس:
کۆڕبەندیی کۆمهڵایهتی جیهانی رووبەرێکی کراوەیە بۆ دیدار لەبەردەم بزوتنەوە کۆمهڵایهتییەکانو رێکخراوە ناحکومییەکان و تەواوی بوارەکانی دیکەی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەوانەی کە هەڵوێستی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە دژ بە لیبڕالیزمی نوێ New liberalism یان جیهانێک کە سەرمایە تیایدا دەسەڵاتە یان هەر شێوەیەکی دیکەی ئیمپریالزم. تێکڕای ئەو بزوتنەوانە ئەو رووبەرە کراوەیە بەکار دەهێنن بۆ بەدواداچوونی بیروبۆچوونیانو بەشداربوون لە دیالۆگو گفتوگۆکان بەشێوەیەکی دیموکراسیانەو، پڕۆژەو ئەزموون ئاڵووێردەکەن بەشێوەیەکی ئازادانەو، تۆڕبەندییو هاوپەیمانی کارا لەنێوان خۆیان پێکدەهێنن.
کاروان:
بیرۆکەی کۆڕبەندەکە رووخساری دژایەتیکردنی بەجیهانیکردنی سەرمایەداری و هەژموونی سەرمایەی بەخۆوە گرتووە، کە رۆژ دوای رۆژ ئەو بیرۆکەیە لە نێو ریزی بزوتنەوە کۆمهڵایهتییەکانی جیهانی لە پەرەسەندندایەو بووەته هۆی دروست بوونی دیاردەی " هاوکاری کۆمهڵایهتی جیهانگیری " و زۆر بوونی پێویستی بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ رزگار بوون لە چەرخی تاک جەمسەری کە لەوەتەی کۆتایی هەزارەی دووەمەوە لە کۆمەڵگای مرۆیدا سەری هەڵداوە. هەموو ئەوانەش بنچینەکانی ئەم ئەزموونە نوێیەن کە بە کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی جیهانی ناو دەبرێت.
ئەم بیرۆکەیە پاڵپشتیو هاوکاری گروپە جیهانییە بەشداربووەکانی " بەجیهانیکردنی جێگرەوەی " وەدەستهێنا. هەروەها پاڵپشتی کرا لەلایەن رێکخراوە ناحکومییە گەورەکانی جیهان. نموونەی "ئەلمۆند دیپلۆماتیک" و تۆڕی "ئەناک ئەلفرنسێان" و رێکخراوی (نۆڤیت)ی هۆڵەندیی لەپێناوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی.
هەڵبژاردنی وەختی گرێدانی کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی جیهانی پەیامێکی ئاشکرابوو کە بەشداربووان لە "بۆرتو ئەلگیریی" هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی سەکۆو رووبهرێکی ساڵانە هەبێت بۆ گەلانو بزوتنەوە کۆمهڵایهتییەکان بۆ دیدارو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بە ئاراستەی بەجیهانیکردنێکی مرۆییانەو، بە ئاراستەی لهناوبردنی بەربەستەکان کە بەهۆی هێزەکانی سەرمایەی جیهانییەوە پەیدابوون. ئەو وەختە بۆ گرێدانی کۆڕبەندەکە هەڵبژێردرا، چونکە هاوکات لوتکەی "گەورە دەوڵەمەندو دەستڕۆشتووەکان" دەبەسترا، "کۆڕبەندیی ئابووریی جیهانی" کە ساڵانە لە (داڤۆس) گرێ دەدرێت.
لەوەتەی گرێدانی یەکەم کۆڕبەندەوە رۆژ دوای رۆژ گرنگی زیاتر دەدرێت بە بیرۆکەی کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی جیهانیو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوەش لە دوو ئاستدا رەنگی داوەتەوە:
ئاستی یهکهم: لەلایەک لە رووی ژمارەی بەشداربووانی کۆڕبەندیی کۆمهڵایهتی جیهانی زیادیکردووەو کۆڕبەندەکانی یەکەمو دووەم و سێیەم و پێنجەم لە ساڵەکانی 2001 و 2002 و 2003 و 2005 هەموویان لەشاری "بورتۆ ئەلگیریی" ئەنجام دران. لەتەک ئەوەشدا ژمارەیەکی بەرچاوی رۆشنبیرانو بیرمەندانو فەیلەسوفان بەشداری کارایان هەیە لە کارەکانی کۆڕبەندەکەدا لەوانەش بیرمەندیی میسری "سەمیر ئەمین"و بیرمەندی بەناوبانگ "نوام چۆمسکی"و گەورە ژنە نووسەری میسریی " نەوال سەعداوی"و پارێزەری میللی کەنەدیی "مودبارلۆ"و ژنە فەیلەسوفو رابەری هیندی " ڤاندا ناشیڤا "و....هتد.
گرێدانی کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی جیهانی چوارەم بە خاڵێکی وەرچەرخان ئەژمار دەکرێت، چونکە بۆ یەکەم جار لە هیندستان ئەنجام دراو، ئەم دەوڵەتەش به دووەم دهوڵهت دادەنرێت لە رووی گەشەکردنی ئابوورییو وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە رووی ئابووری جیهانی دەرکەوتووە چاوی لێدەکرێت. هەروەها لەپێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە زۆر زیانی پێدەگات لە رووی ژینگەو گۆڕانکاری کەشوهەوای جیهانی. لەم کۆڕبەندەدا نزیکەی سەد هەزار چاڵاکوان بەشداربوون. لە گرنگترین قسەکەرانی کۆڕبەندەکە خاتوو " شیرین عیبادی "[1] و جۆزێن ستگلیتز "[2] لەبارەی گرێدانی کۆڕبەندیی جیهانی لە (نایرۆبی) لە کانوونی دووەمی 2007. زۆرترین گفتوگۆکرا لەمەڕ ئاستی نوێنەرایەتیکردنی بزوتنەوە کۆمهڵایهتییە مللییەکان لە بەرامبەر بەشداری رێکخراوە ناحکومییەکانو هەندێک بابەتی دیکە. بەڵام یەکدەنگییەکی تەواو هەیە لە بارەی ئەوەی کە خودی گرێدانی کۆڕبەندەکە لە ئەفریقیا دەستکەوتە. لە دیارترین چاڵاکییەکانی کۆڕبەندەکە لە نایرۆبی رێپێوانێک بوو لە ناوچەی (کەبیرا) کە ناوچەیەکی هەژار نشینەو خانووەکانی لە چینکۆو تەنەکە دروستکراون بەرەو سەنتەری شارەکە کە لە بەرزترین ئاستی ژیاندان، ئەوەش وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی هاوپشتی بۆ دانیشوانە هەژارەکەی نێو ماڵە چینکۆکانو بانگەشەیەکی ئاشکراش بوو بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانو وەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمهڵایهتی.
ئاستی دووەم بریتییە لە دروستبوونی کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی هاوشێوە لە ئاستی ناوچە جیاجیاکانی جیهان، هەندێکیان مۆرکی هەرێمایەتییان هەیەو، هەندێکی دیکەش مۆرکی نێوخۆیی. لەوانەش کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی ئاسیایی، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی ئەوروپایی، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی ئیتالی، کۆڕبەندی لیڤرپولی کۆمهڵایهتی، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی عەرەبی، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی بۆستن، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی مەغریبیو، کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی ئەمریکایی کە لە ساڵی 2007 بەستراو.....هتد. لەوانەشه هەر ئەوانە وایکردبێت کە شێوازی دیکە پەیڕەوبکرێت لە رێکخستن بۆ نموونە لە ساڵی 2006 ئەزموونی کۆڕبەندی کۆمهڵایهتی فرەڵیەن پەیڕەوکرا چونکە لەیەک کاتدا لە (کاراکاس) لە فەنزویلاو لە (باماکۆ) لە مالیو لە (کەراچی) لە پاکستان ئەنجام دراو، لە ساڵی 2008 یشدا بیرۆکەی رۆژی کارکردن لەپێناوی (جیهانێکی دیکە ئەگەری هەیە) لەسەر ئەو بنەمایە رێکدەخرێت کە دەرفەت بدرێت بە هەموو ئەوانەی کە دەخوازن لەو رۆژەدا بەشداربن بەپێی پێویستی وڵاتو کۆمەڵگاکانیان چاڵاکی ئەنجام بدەن.
11 ژنه پارێزهرو چالاکوانێکی ئێرانییه له بواری مافی مرۆڤ له ساڵی 2003 خهڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبهخشراوه.
[2] ئابووریناسێکی دیاری ئهمریکییهو مامۆستایه له زانکۆی کۆلۆمبیا، خاوهن خهڵاتی نۆبڵه له بواری ئابووری.