رۆژی دووشه‌ممه رێككه‌وتی 4ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 له‌باره‌گای سه‌ره‌كی رێكخراو له‌شاری هه‌ولێر،ده‌سته‌ی كارگێری رێكخراوی ئاشتی و ئازادی كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گرێدا.
له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا،تیشك خرایه سه‌ر ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان وپرسی پێكه‌وه‌ژیان وئاشتهوایی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان.بهخستهرووی خوێندنه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر نوێترین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژ به چه‌كدارانی داعش و رزگاركردنهوهو كۆنترۆڵكردنی ناوچه جیاجیاكان له‌لایه‌ن هێزه عێراقی و كوردستانهییهكان.له‌وكاته‌ی كۆبوونه‌وه‌كه پڕۆسه‌ی رزگاركردنه‌وه‌ی به‌رزنرخاند،له‌هه‌مان كاتدا به نیگه‌رانیه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌وه‌ی كه تا ئێستا به‌رنامه‌یه‌كی په‌سندكراوی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ قۆناغی دوا داعش بوونی نیه،به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌سته به پڕۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پرسی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌و بونیادنانی ئاشتی و ئاشته‌وایی ،جگه له هه‌بوونی تێڕوانینی جیاجیا له ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه له ئایندهداو ،پرسی قهربهبووی قوربانیانی ئه‌و شه‌ڕه‌و لێپێچینه‌وه له تۆمه‌تبارانی ئه‌و پێشێلكاری و تاوانانه.له‌هه‌مان كاتدا كۆبوونه‌وه‌كه به نیگه‌رانیه‌وه ده‌یڕوانیه هه‌بوونی گروپی جیاجیای چه‌كداری و بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی به "سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵگا".وێڕای ئه‌و پاشهكشهیانهی كه له‌هه‌مبه‌ر پڕۆسه‌ی ئازادی و دیموكراسی ده‌كرێت له‌بابه‌ته‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و ره‌شنووسی یاساكانی بیمهكۆمهڵایهتییهكان وئازادی راده‌ربڕین و یه‌كێتی و سه‌ندیكاكانی كرێكاران وپێكهێنانی حزبیانه‌و تایفییانه‌ی كۆمسێونی باڵای سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ و...تد،له‌و ئاماژه مه‌ترسیدارانه.جگه له‌پاشه‌كشه‌كردن وئه‌و هه‌وڵه ناته‌ندروستانه‌ی كه له‌ئارادایه بۆ سه‌ر مافی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی وئاینیی و مه‌زهه‌بییه‌كانی دیكه.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستانیش چۆته قۆناغێكی هه‌ستیاره‌وه،له‌لایه‌ك بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نه‌ك هه‌ر له‌ئاستی عێراق و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی پێشوازی نه‌كراوه،به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی هه‌رێمیش یه‌كریزی بهدینههێناوهو نه‌بۆته هۆی ده‌ست به‌كاربوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان.كۆبوونه‌وه‌كه به نیگه‌رانیه‌وه له ئاستی هه‌ڵكشانی پێشێلكارییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین له‌هه‌رێم راوه‌ستاو،پێی وایه كاریگه‌ری سه‌لبی ده‌بێت وپێویسته هه‌رچی زووه ئه‌و پێشێلكارییانه رابگیرێت.خراپی بژێوی خه‌ڵك وههڵكشانی ئاستی بێكاری و هه‌ژاری و زیادبوونی توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ئافره‌تان وزۆری رێژه‌ی تاوان ، به‌ده‌رئه‌نجامی خراپی سیاسه‌تی شكستخواردووی ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وهه‌وڵه‌كانی بۆ به‌تایبه‌تیكردنی كه‌رته جیاجیاكان و ملدانی بۆ سیاسه‌ته‌كانی بانك وسندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی وبڕیاری زۆردارانه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه دانرا.كه پێویستی به‌وه هه‌یه هه‌موو جۆره فشارێكی مه‌ده‌نی ناتوندوتیژی بۆ را‌گرتن وشكستپێهێنانی به‌كاربهێنرێت.ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه ده‌خرێته به‌رده‌م كاری رێكخراوه‌كان له‌كوردستان نموونه باجی سه‌ر كارمه‌ندان و كردنه‌وه‌ی فایلی رێكخراوه‌كان له ده‌زگاكانی ئاسایش و رێگه‌نه‌دان به چالاكی به‌شێك له رێكخراوه‌كان له هوتێل و شوێنه داخراوه‌كانیشدا تێكڕایان نایاسسایین و پێویسته رابگیرێن.
له‌ته‌وه‌ری دووه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای ده‌ستخۆشی له ئه‌ندامان و خۆبه‌خشانی رێكخراو لهكاروچالاكی به‌رده‌وامیان له نێو خه‌ڵكدا،بۆ هوشیاركردنه‌وه له‌سه‌ر پرسی ئاشتی و ئازادییه‌كان،كۆبوونه‌وه به‌گرنگییه‌وه روانیه هه‌وڵه‌كانی ته‌واوكردنی په‌یكه‌ری لقه‌كانی رێكخراو له‌شاره‌كانی هه‌ولێر وسلێمانی.بڕیاریش درا هه‌رچی زووه لقه‌كانی دهۆك و موسڵ و به‌غدا ته‌واوبكات.ده‌رفه‌تی ئه‌ندامێتی له رێكخراودا به‌كراوه‌یی هێشته‌وه بۆ هاوڵاتیان تا بتوانن له ریزی تێكۆشان له پێناوی چه‌سپاندنی ئاشتی و پته‌وكردنی ئازادییه‌كان شوێن بگرن.هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك پرس و كاروباری ناوخۆیی رێكخراو قسه‌وباس و بڕیاری گونجاویان له‌باره‌وه وه‌رگیرا.
له دوا ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا،تاوتوێی پرسی گرێدانی یه‌كه‌مین كۆڕبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان كرا كه بڕیار وایه له‌مانگی دیسه‌مبه‌ری ئه‌مساڵدا له گه‌رمیان ببه‌سترێـت.له‌وباره‌یه‌وه له‌ناوخۆی رێكخراو لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند پێكهێنرا تاوه‌كو ئاماده‌سازی باشتر بكه‌ن بۆ كۆربه‌نده‌كه به‌هاوبه‌شی سكرتاریه‌تی كۆڕبه‌ندو رێكخراوه هاوبه‌شه ناوخۆیی ودهرهكییهكان.
هه‌ولێر/ 4ی ئه‌یلوولی 2017
ده‌سته‌ی كارگێری رێكخراوی ئاشتی و ئازادی