ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی (فریاگوزاری میللەتی نەرویجی)، پاڵپشتی چالاکوانێکی ئافرەت و پیاوێکیان کرد بۆ ئەنجامدانی وۆرک شۆپێک لەسەر مافەکانی ئافرەتانی کرێکار لە قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکوک. لە وۆرکشۆپەکەدا کە لە26/10/2024 بەڕێوەچوو، باس لە مافەکانی ئافرەتی کرێکار کرا بەپێی یاسای کاری عێراقی ژمارە 37ی ساڵی 2015 و تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ئافرەتان بۆ چوونە ناو سەندیکاکانی کرێکاران سنووردار دەکەن. لە وۆرکشۆپەکەدا، بە گشتی ٢٩ ئافرەت لە تەمەنی ١٥ بۆ ٣٥ ساڵان ئامادەبوون. لە میانی وۆرک شۆپەکەدا، بەشداربووان ئاشنا کران بە پێناسەکانی کار، کرێکار و خاوەنکار بەپێی یاسای کار، لەگەڵ بارودۆخی کارکردن، تەندروستی پیشەیی و ستانداردەکانی سەلامەتی.
گفتوگۆکان تێڕوانینێکی گشتی دەربارەی پاراستنی شوێنی کار تایبەت بە ئافرەتان لەخۆگرتبوو، کە مادەکانی ٨٤-٩٣ سەبارەت بە کاری زیانبەخش، مافی مۆڵەت و مافەکانی منداڵبوون دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ئامادەبووان باسیان لە هۆکارەکانی کەمی بەشداری ئەندامێتی ئافرەتان لە سەندیکاکان کرد، بە ئاماژەدان بە کاریگەریی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و دەرفەتە سنووردارەکان لە سەندیکاکاندا. لە کۆتاییدا بروشورەکانی هۆشیاری بەسەر بەشداربووان و یەکێتی کشتوکاڵ لە قەزای حەویجە دابەشکرا بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لە ناو کۆمەڵگا.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی مافەکانی کرێکاران و ئازادی کاری سەندیکایی کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی (فریاگوزاری میللەتی نەرویجی )جێ بەجێ دەکرێت.