- هەولێر، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

سەنتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە عێراق و ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی وۆرک شۆپێکیان لەسەر ڕەشنووسی یاسای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق ئەنجامدا، بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی فیدراسیۆنەکانی سەندیکاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

 

لە دانیشتنی یەکەمدا بەڕێز مەشرەق عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی، تیشکی خستە سەر گرنگی و هۆکارەکانی یاسادانان بۆ ئەم بابەتە نەک تەنها لە عێراق، بەڵکو لە تەواوی هەرێمدا، لەلایەن خۆیەوە کاک مەریوان بەگۆک عەزیز بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا دەستخۆشی لێکردن و دووپاتی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستانیش لەسەرەتای ئەمساڵ ڕێنمایی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دەرچووە.

 

لە بڕگەیەکی تری وۆرکشۆپەکەدا هۆکاری پێویست و هەنگاوە یاساییەکان بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە خرانەڕوو، پاشان سەرجەم بڕگە یاساییەکان لەلایەن بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی کار خرانەڕوو ، لە چوارچێوەی گروپەکانی کارکردندا گفتوگۆ لەسەر بڕگەکان کراو سەرنجەکان لەسەر ڕەشنووسی یاساکە چەسپێنران.

 

ئەم وۆرک شۆپە بەشێکە لە پرۆژەی پەرەپێدانی مافەکانی کرێکاران و ئازادیی کاری سەندیکایی، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویج جێبەجێ دەکرێت.