هەولێر- ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
بە بەشداری فراوانی نوێنەرانی دامودەزگا حکومییەکان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، نوێنەری فیدراسیۆنەکانی سەندیکاکان، پسپۆڕان، ئەکادیمیستەکان، نوێنەری گروپەکانی گەنجان کە کار لەسەر مافی کرێکاران و ئازادییەکانی سەندیکاکان دەکەن، هەروەها نوێنەری ئەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری مافەکانی کرێکاران کاردەکەن ، کۆنفرانسی کۆتایی پڕۆژەی پەرەپێدانی مافی کرێکاران و ئازادی کاری سەندیکاکان بەڕێوەچوو.
لە بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا چالاکیی و ئەنجامەکانی پڕۆژەکە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا خرانەڕوو، تیشک خرایە سەر بەشداریکردن لە پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە کار و کرێکاران، بنیاتنانی تواناکانی گەنجان و ژنان لە سەندیکاکانی کرێکاران، پشتیوانیکردنی دەستپێشخەریەکانی کۆمەڵگاکان بۆ پەرەپێدانی مافەکانی کرێکاران، چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و داکۆکیکردن لە پرسەکانی کار. کارکردن بۆ هۆشیارکردنەوەی مافەکانی کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی.
لە کۆنفرانسەکەدا کۆمەڵێک لە بەشداربووانی پرۆژەکە ئەزموونی خۆیان خستەڕوو کە لە نەینەوا و کەرکوک و بەسرەوە بەشداربوون .
گەورەترین بەشی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنوسی یاسای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراق کە لەلایەن دکتۆر کازم شمخی بەڕێوەدەبرا. سەرجەم سەرنج و بۆچوونی سەندیکاکان لەسەر ڕەشنووسی یاسای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی خرانەڕوو.
پاشان بەڕێز ویسام جەسیب شارەزا لە ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، سەرنجی خۆی سەبارەت بە چوارچێوەی یاسایی و یاسایی لە عێراق و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی لە بواری سەلامەتی و تەندروستی پیشەییدا خستەڕوو، جگە لە گرنگی بیرکردنەوە لە فراوانکردنی کەرتەکان کە دەبێت لە یاسای سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە عێراقدا جێگیر بکرێت.
دواتر بەشداربووانی کۆنفرانس تاوتوێی ڕەشنووسی یاساکەیان کرد. لەکۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری نیشتمانی بۆ تەندروستی و سەلامەتی بەڵێنیدا، ئەو تێبینییە بەنرخانەی خراوەتەڕوو، جێبەجێ دەکرێن بەمەبەستی گەیشتن بە یاسایەکی سەردەمیانە کە پارێزگاری لە کرێکاران و ژیانیان بکات و بەرهەمی نیشتمانی بەرز بکاتەوە.
ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی مافەکانی کرێکاران و ئازادیی کاری سەندیکای کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویج جێبەجێ دەکرێت.