‎ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویج خولێکی ڕاهێنانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە شاری سلێمانی ڕێکخست. بە بەشداریی 25 قوتابی لە خۆێندنی باڵا و کۆتا قۆناغى کۆلێژ له هەردوو ڕەگەز، لە زانکۆ و پارێزگا جیاوازەکان، لەوانە زانکۆی بەغداد، موسڵ، نەهرەین، کەرکووک، و سەلاحەدینی هەولێر و زانکۆی سلێمانی، لە کۆمەڵێک بەشی جیاوازی وەک زانستە سیاسییەکان، کۆمەڵناسی، و یاسا،کاری کۆمەڵایەتی، دەروونناسی، کارگێڕی و ئابووری.

لە ڕۆژی یەکەمی خولەکە 25/7/2025 کۆمەڵێک بابەتی گرنگ لەگەڵ بەشداربووان تاوتوێکرا. دەستپێکی خولەکە بریتی بوو لە روونکردنەوەو ناساندنی چوارچێوەی نێودەڵەتی بۆ مافەکانی کار، گەشەی مێژووی پەیوەندییەکانی کار، و مافە بنەڕەتییەکانی وەک سەلامەتی پیشەیی، گرێبەستی کار، مافی پشوو، کرێ، کاتژمێری کار، و مافەکانی کرێکاران لە دۆخی فریاگوزاریدا.

لە ڕۆژی دووهەمدا 26/7/2025 خولەکە گرنگی دا بە کۆمەڵێک بابەت پەیوەست بە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران لەناو یاساکانی کار، ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی لە شوێنی کار، مافی دروستکردن و پەیوەستبوون بە سەندیکاکانی کرێکاران، ڕۆڵی دەوڵەت لە جێبەجێ کردنی یاسا و پاراستنی مافی کرێکاران، هەروەها کارەکانی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران و میکانیزمە یاساییەکانی داواکردنی مەفەکانی کار باسکرا.

ئامانج لەم خولە بریتی بوو لە ئاشنا کردنی قوتابیانی کۆلێژ و خوێندنی باڵا دەربارەی بابەتەکانی مافەکانی کار، هەروەها هان دان بۆ بەرهەمهێنانی توێژینەوە و ڕاپۆرت کە تیشک بخاتە سەر مافی کرێکاران.

ئەم چالاکییە بەشێکە لە پڕۆژەی (کاریگەری کۆمەڵگای مەدەنی بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی لە عێراق) کە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادییەوە جێبەجێ دەکرێت بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویج