بە پاڵپشتی دارایی کونسلخانەی گشتی ئەمریکا-هەولێر، ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی خولێکی ڕاهێنانی تایبەت بە زانیاری چەوتی مەبەستدار-دروستکراوی ژیری دەستکردی ئەنجامدا. خولەکە لە ٢٤-٢٥\٧\٢٠٢٥ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو کە تیایدا ١٥ کەسی کاریگەری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ چالاکانە بەشداریان تێداکرد.
 
ئامانج لەم چالاکیە تواناسازیکردن و دروستکردنی هەماهەنگی بوو لەگەڵ کەسانی کاریگەری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی زانیاری چەوتی مەبەستدار-دروستکراوی ژیری دەستکرد و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تایبەت بەو بابەتە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە.
 
جگە لە گفتوگۆی چڕو پڕی نێوان بەشداربووان و ڕاهێنەران و ڕێکخەرانی چالاکیەکە، چەند ناوەڕۆکێکی میدیایی تایبەت بە زانیاری چەوتی مەبەستدار بەرهەمهێنران و لە هەژماری تایبەتی بەشداربووەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکرانەوە.
 
لە بەشێکی چالاکیەکەدا، نوێنەری کونسلخانەی گشتی ئەمریکا-هەولێر بەشداربوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەشداربووان و تیشک خستنەسەر گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەریانە و بەرنامە و کارە هاوبەشەکانی نێوان کونسوڵخانە و ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی.
 
ڕاهێنانەکە بەشێکە لە زنجیرە ڕاهێنانێک بۆ تواناسازیکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنوس و فێرخوازی زانکۆ و کەسانی کاریگەری ناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە چوارچێوەی كاره‌كانی پڕۆژەی ”بەرپەرچدانەوەی زانیاری چەوتی مەبەستدار-دروستکراوی ژیری دەستکرد “ جێ بەجێی دەکات.