سەدان خۆپیشاندان و هەزاران خۆپیشاندەر… نزیکەی 100 هەزار کرێکار لە ئاداری 2026دا لە عێراق کارەکانیان لەدەست داوە
25 کرێکار لە سەرەتای ساڵەوە لە شوێنی کار گیانیان لەدەست داوە
15 نیسان/ئەپریل 2026
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی (PFO)
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی (PFO) ڕاپۆرتی نوێی خۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دۆخی کرێکاران لە عێراق و، تێیدا ئاماژە دەکات بە زیادبوونی بێوێنەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە سەرەتای ساڵی 2026دا، لە سایەی ئالۆزییە سیاسییە ناوخۆییەکان و کاریگەریی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، تەنها لە مانگی ئاداردا نزیکەی 100 هەزار کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە، بەهۆی وەستان یان کەمبوونەوەی چالاکی لە چەندین کەرتی گرنگ وەک نەوت، گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان، هەروەها داخستنی یان سنووردارکردنی کارەکانی سەدان کۆمپانیا و دامەزراوە بەهۆی شەڕەکەوە. هەروەها، ئاشتی و ئازادی لە راپۆرتەكەیدا دەڵێت 25 کرێکار لە کاتی کاردا لە سەرەتای ساڵەوە بۆ ناوەڕاستی نیسان گیانیان لەدەست داوە، لە کاتێکدا هێشتا ڕێوشوێنەکانی سەلامەتی و تەندرووستی پیشەیی لاوازن.
بێکاری بەرز دەبێتەوە و دۆخی ژیان خراپتر دەبێت
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەدات کە ڕێژەی بێکاری لە ئاداری 2026دا بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 20% و، لەگەڵ ئەوەش ڕێژەی هەژاریش بەرز بووەتەوە، بەهۆی لەدەستدانی داهات و گرانبوونی کاڵاکانی ڕۆژانە. چەندین کەرت وەک گەشتیاری، چێشتخانەکان، نانەواخانەکان و گواستنەوە زیانیان پێگەیشتووە، هەزاران کرێکار یان کارەکانیان لەدەست داوە یان مووچەیان کەمکراوەتەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر عێراق. هەروەها، کرێکارانی کەرتی تایبەت زۆرترین کاریگەرییان پێگەیشتووە، بە تایبەتی لەو پارێزگایانەی نەوت بەرهەم دەهێنن وەک بەسرە، لەگەڵ هۆشداریدان لە دەركردنی دەیان هەزار کرێکار بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕ و گۆڕانی نرخی دراو و کاریگەرییەكانی شەڕ.
کێشەی قووڵ لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
ڕاپۆرتەکە دەڵێت بەهۆی نەمان و كەمبوونەوەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، زۆرێک لەو رێكخراوانە یان پاشەكشەیان كردووە لەكاركردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان یان چالاکییەكانیان نەماوەو كەمكردۆتە، بەو هۆیەشەوە هەزاران کارمەند لە کار بێبەش بوون.
شەپۆلی خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵات
ڕێکخراوەکە دەڵێت لە سەرەتای ساڵی 2026وە تا ئێستا، سەدان خۆپیشاندانی کرێکاری لە بەغدا و پارێزگاکان و هەروەها هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە، و هەزاران کرێکار و کارمەند تێیدا بەشداربوون. داواکارییە سەرەکییەکان بریتی بوون لە وەرگرتنی مووچە دواخراوەکان، ڕەتکردنەوەی کەمکردنەوەی مووچە، دامەزراندنی هەمیشەیی و دابینکردنی هەلی کار.
قەیرانەکە بەهۆی کێشە سیاسییەکان قووڵتر دەبێت
ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات کە قەیرانی سیاسی لە عێراق و دواخستنی پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی 2025 قەیرامە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی زیاتر كردووە، لەگەڵ کاریگەریی شەڕی هەرێمی کە کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووری و ئاسایش هەبووە.
بانگەواز بۆ هەنگاوی خێرا
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هەنگاوب بەپەلە و خێرا بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی بێکاری، پاراستنی مافەکانی کرێکاران، باشترکردنی سەلامەتی و تەندرووستی پیشەیی لە شوێنەکانی کار. جگە لەوانەش جەخت دەکاتەوە لە پێویستی ڕێزگرتن لە مافی خۆپیشاندانی ئارام و هیمن و بەدەمەوەچوون بە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران و، پەلەكردنی لە دابینكردنی سەقامگیری سیاسی وەك پێداویستی و دەروازەی چارەكردنی ئەو قەبرانانە.
لەڕێی ئەم لینكەوە تەواوی ڕاپۆرتەكە بخوێنەرەوە
— کۆتایی —

