هەولێر – نیسان ٢٠٢٦

 

ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی (PFO) ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە زەنگی مەترسی لێدەدات لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ناوچە ناکۆکەکان، کە تێیدا ژمارەیەكی زۆری كەیسی كوشتنی ئافرەتانی هەتا ناوەڕاستی نیسانی ٢٠٢٦ تۆمارکراون.

 

ڕاپۆرتە كە دەریدەخات کە تاوانی كوشتنی ئافرەتان تەنها ڕووداوگەلی تاکەکەسی نین، بەڵکوو قەیرانێکی بنەڕەتی قووڵ نیشان دەدەن کە پەیوەندیدارن بە کەم و کوڕی یاسایی، لاوازی لە جێبەجێکردنی دادپەروەری و، بەردەوامبوونی هەندێک نۆرم و نەریتی کۆمەڵایەتیی زیانبەخش. هەروەها شیکردنەوەکە نیشانی بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدار لە ڕێژەی توندوتیژی دەدات لە ماوەیەکی کەمدا.

 

 

دابەشبوونی جوگرافی نیگەرانیی:

پارێزگای سلێمانی زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی تۆمارکردووە، دوای ئەوەش هەولێر و دواتر کەرکووک، هەروەها حاڵەت لە پارێزگای دهۆکیش تۆمارکراوە، کە ئەمە نیشان دەدات کە ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچەکەدا بڵاو بووەتەوە.

 

 

هۆکارە بنەڕەتییەکان و بەردەوامی بێ سزا بوون:

ڕاپۆرتەکە چەند هۆکارێکی سەرەکی دەستنیشان دەکات کە ئەم قەیرانە هان دەدەن، لەوانە:

 

  • بەردەوامی و برەودان بە چارەسەری عەشایری (سولح) بەسەر ڕێکاری دادگایی و دادوەریدا.

  • دەستێوەردانی سیاسی کە ڕێگری دەکات لە لێپرسینەوەی تاوانباران.

  • سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی داتا و ئامارەکانی تاوان، کە تیشخستنە سەر ئەم تاوانە كەمدەدەكاتەوە.

 

بانگەوازی پەلە و هەنگاوەکانی خێرا:

ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی داوای هەنگاوی خێرا دەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی كوشتنە مەترسیدارە، لەوانە:

 

  • جێبەجێکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١ بەبێ جیاوازی و بەتەواوی لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

  • ڕێگری لە کاریگەری نەریتە عەشایرییەکان لەسەر داد و دادگاكان.

  • هەڵگرتنی بەربەست و هێڵە سوورەكان لەسەر میدیا و ڕێكخراوەکان لە بڵاوكردنەوەی بەرپرسیارانەی داتا و ئامارەكانی تایبەت بە كوشتنی ژنان.

  • بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستن، وەک پەناگە و هێڵی فریاگوزاری بۆ ئەو ژنانی لە مەترسیدان.

ڕێکخراوەکەمان ڕایدەگەیەنێت کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە پێشێلکردنێکی گەورەی مافی مرۆڤە و مەترسی دەخاتە سەر ئاسایشی کۆمەڵگە بە گشتی، داوا لە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ هەنگاوگرتنی هاوبەش و خێرا بۆ دەمەوەچوون و ڕاگرتنی ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافەكانی ئافرەتان و مافەكانی مرۆڤ بەگشتی دەكرێت.

 

بۆ خوێندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەكە لێرە كلیك بكە