بەبەشداری و ئامادەبونی بەشێك لەنوێنەرانی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی پەڕلەمان و حكومەت و وەزارەتەكان، كۆڕبەندی نیشتیمانی گەنجان لەشاری هەولێر بەڕێوەچوو كە تیایدا ژمارەیەك پانێل دەربارەی پرس و داواكاری و كێشەكانی گەنجان پێشكەشكران.

 

كۆڕبەندەكە رۆژی 24ـی 2ـی 2021 بەڕێوەچوو كە لەلایەن رێكخراوی ئاشتی و ئازادی و رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و سێرچ فۆر كامن گراوندەوە بەڕێوەبرا و ئەندامانی ئەنجومەنەكانی گەنجانی سەركردەی (شێخان، سمێل، سۆران، چەمچەماڵ، رانییە و هەڵەبجە) ئامادەیبوون، ئەمە سەرەڕای نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەكیل وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم و ئەندامانی پەڕلەمانی كوردستان و نوێنەری رێكخراوەكانی دیكەی كۆمەڵگای مەدەنی.

 

لەكۆڕبەندەكەدا دوو پانێل پێشكەشكران كە یەكەمیان بۆ قسەكردن لەبارەی ئەنجومەنەكانی گەنجان و كار و پڕۆژەكان و گیر و گرفتەكانی گەنجانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمەوە تەرخانكرابوو، پانێلی دووەم بۆ كاربەدەستان و چالاكوانان رێكخرا كە قسەكردنبوو لەبارەی پرسەكانی گەنجان بەگشتی و كێشە و گرفتەكانیان.

 

پڕۆژەی ئەنجومەنی گەنجی سەركردە لەلایەن رێكخراوی سێرچ فۆر كامن گراوندەوە پاڵپشتی دەكرێت و هەریەك لەرێكخراوەكانی (ئاشتی و ئازادی و گەشەپێدانی مەدەنییەت)ـەوە جێبەجێدەكرێت و پێكدێت لە6 ئەنجومەن و هەریەكێكیان لە30 ئەندام پێكدێن 15 كوڕ و 15 كچ كە بەشێوەی خۆبەخشی كار و چالاكییان هەیە و پرسەكانی گەنجان تەوەرەی سەرەكی كار و چالاكییەكانیانە.