بەبەشداری دامودەزگا حكومییە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، لەشاری سلێمانی كۆنگرەی راگەیاندنی پلانی نیشتیمانی مافەكانی مرۆڤ لەسلێمانی بەڕێوەچوو.

 

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی یەكێكە لەپێكهێنەرەكانی كۆنگرەكە كە رۆژی پێنج شەممە 6ـی 5ـی 2021 بەڕێوەچوو، تیایدا وتاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و وەزارەتی دادی عێراق و كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لەعێراق و راوێژارانی سەرۆككۆماری عێراق و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەهەرێم خوێندرایەوە.

 

پاشان و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هۆگر چەتۆ بەناوی ئامادەكارانی كۆنگرەكە و دادوەر سالار عەبدولستار وەزیری دادی فیدراڵی عێراق و دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامانج و پلان و كارەكانی كۆنگرەكەیان بۆ رۆژنامەنوسان رونكردەوە.

 

لەبەشێكی دیكەی كارەكانی كۆنگرەی راگەیاندنی پلانی نیشتیمانی مافەكانی مرۆڤدا بەشێوەی گروپ راو سەرەنج و پێشنیارەكان تاوتوێكران و بڕیاروایە راسپاردەكان ئاراِستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێـن.

 

پێكهێنەرە سەرەكییەكانی كۆنگرەكە پێكهاتوون لە (تۆڕی هاوپەیمانی كەمایەتییەكانی عێراق، رێكخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویج، نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەحكومەتی هەرێم، وەزارەتی دادی عێراق، رێكخراوی پاو، لەرێكخراوی ئاشتی و ئازادی، ئینستیتیوتی ریفۆرم بۆ گەشەپێدان، تۆڕی یەكسانی بۆ گیراوان، كۆمەڵەی ئەمەلی عێراق، سەنتەری میترۆ).