گفتوگۆ جێگره‌وه‌ی نیه!
نا بۆ توندوتیژی،نا بۆ سزادان
له‌بڕوابوونمان به‌وه‌ی كه هیچ شتێك ناتوانێت جێگره‌وه‌ی گفتوگۆبێت و،هیچ رێگه‌یه‌ك نیه بۆ ئاشتی جگه له خودی ئاشتی نه‌بێت.پێمان وایه هه‌رچی زووه‌پێویسته لایه‌نه عێراقی و كوردستانییه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گفتوگۆی راسته‌وخۆو راشكاوانه.گفتوگۆ له‌باره‌ی:
یه‌كه‌م: ئه‌و هۆكارانه‌ی كه پاڵی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه نا په‌نا بباته به‌ر ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی،هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردن وبنبڕكردنی ئه‌و هۆكارانه له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه،یان گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاینده
دووه‌م: په‌نا نه‌بردن بۆ وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی بۆ سزادان.به‌تایبه‌تی كه ئه‌و وڵاتانه كێشه‌ی مێژوویی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه.هه‌روه‌ها به‌شێكن له ئاڵوزییه‌كانی ناوچه‌كه له‌رابردوو و ئێستاشدا.ئه‌و په‌نابردنه له ئاستی ناوخۆییدا متمانه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان ناهێڵێت ،قه‌یرانه‌كه قوڵتر ده‌كاته‌وه،ده‌رفه‌تی دیالۆگ كه‌متر ده‌كات،ئاڵۆزییه‌كان زیاتر ده‌كات.
سێیه‌م: راگرتنی ده‌ست به‌جێی هه‌موو ئه‌و هۆكارو فاكته‌رانه‌ی كه بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ی گفتوگۆدا.له‌نێویاندا راگرتنی ئه‌و سزا‌و ئابڵوقانه‌ی كه وه‌ك كاردانه‌وه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجامدران،هه‌ر له راگرتنی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی تا ده‌گاته سه‌ر ئه‌و فشارانه‌ی كه بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و...تد،هه‌یه.یان ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه ده‌كرێت بۆ به‌كارهێنانی ئاو و گرتنه‌وه‌ی ئاو له‌ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان و...تد.
چواره‌م: به‌شداریكردن به پێكهاته‌كانی دیكه‌ی له پاڵ و كورد و عه‌ره‌بدا.هه‌روه‌ها به‌شداری پێكردنی ئافره‌تان و كچان و لاوان و نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌و گفتوگۆیانه‌دا.
پێنجه‌م: راگرتنی ده‌ستبه‌جێی شاڵاوی راگه‌یاندن و گوتاری رق وكینه وجیاوازیكردن له‌نێوان هاوڵاتیان.
شه‌شه‌م: رێگه‌گرتن له‌هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك كه بۆی هه‌یه به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌كان بكرێت،یان به‌رامبه‌ر به ئاواره‌كان له‌كوردستان یان به‌رامبه‌ر به كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ناوچه عه‌ره‌بییه‌كاندا.
حه‌وته‌م: دان به‌خۆدانان و رێگه‌گرتن له‌هه‌ر پشێوی و ئاڵۆزییه‌ك كه بۆی هه‌یه له‌ناوچه جێناكۆكه‌كان رووبدات ،به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه سوپا و هێزی چه‌كدار و پێشمه‌رگه‌ی تێدایه ،مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی لێده‌كرێت.
هه‌شته‌م:ده‌زگا شه‌رعیی و فه‌رمییه‌كان كه موڵكی هه‌موو هاوڵاتیانن نه‌خزێنرێته نێو ململانێیه‌كان.بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له گفتوگۆ وچاره‌سه‌رییه‌كاندا رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه ببینن.
نۆیه‌م: سه‌ركردایه‌تی سیاسی – ئاینی-یاسایی-كۆمه‌ڵایه‌تی له عێراق و كوردستان،به‌تایبه‌تی مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كان خوێن رشتنی هاوڵاتیان حه‌رام بكه‌ن ،به‌كارهێنانی چه‌ك له‌به‌رامبه‌ر هاوڵاتیان له‌سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌یی حه‌رام بكه‌ن.
ده‌یه‌م: داواده‌كه‌ین سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق ده‌ستپێشخه‌ری گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن وراشكاوانه له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه بكات ،لایه‌نه جیاجیاكانی عێراق و كوردستان له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ كۆبكاته‌وه ،سوود له ده‌ستپێشخه‌ری مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كان بۆ گفتوگۆ،سوود له ده‌ستپێشخه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانی دۆست وه‌ر بگرێت.
یازده‌یه‌م: داوا له رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چالاكوانان ده‌كه‌ین له‌عێراق و كوردستان،ئه‌وانه‌ی كه نه‌بوونه‌ته به‌شێك له‌و ململانێیه،ئه‌وانه‌ی كه هێشتا بڕوایان وایه هه‌میشه جێگره‌وه‌ی دیالۆگ و ئاشتی نیه،ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌مافه‌كانی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه،با هه‌مومان كۆبینه‌وه،هه‌موومان پێكه‌وه فشاربكه‌ین بۆ سه‌رخستنی دیاڵوگ وئاشتی و راگرتنی ته‌پڵ لێدرانی شه‌ڕ و توندوتیژی.
هه‌زار ساڵ گفتوگۆ باشتره له‌یه‌ك ده‌قیقه شه‌ڕ!
رێكخراوی ئاشتی وئازادی
هه‌ولێر-ئوكتۆبه‌ری 2017