بەپابەندیی ڕێنماییە تەندروستییەكان و بەمەبەستی تاوتوێكردنی كارەكانی لیژنەی كۆكردنەوەی ئاستی ڕێژەی بێكاریی لەقوشتەپە و ئامادەكاری بۆ چالاكی دیكە، ئەنجومەنی گەنجانی قوشتەپە سێیەم مێزگردی خۆی ئەنجامدا.

 

مێزگردەكە رۆژی پێنج شەممە 19ـی 11ـی 2020 بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنەكە لەشاری هەولێر سازدرا، تیایدا سەرەڕای ئامادەكاریی بۆ كۆبونەیەكی جەماوەری، هاوكات گفتوگۆی كارەكانی لیژنەی ڕاسپێردراو بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی ئاستی بێكاری كرا.

 

هەروەها گفتوگۆی چۆنیەتی پێشخستنی زیاتری كارەكانی ئەنجومەنەكەش كرا کە تیایدا ئەندامەکان سەرنج و پێشنیاریی خۆیان لەبارەی وردەكاری كارەكانیان خستەڕوو.

 

هەر لەكۆبونەوەكەدا، بڕیاردرا لەداهاتویەكی نزیكدا كۆبونەوەیەكی فراوان بەبەشداری كەسانی پسپۆڕ و چالاكوان و كاربەدەستانی حكومیی رێكبخرێت كە تیایدا دەربارەی ئاستی بێكاری لەناوچەی قوشتەپە گفتوگۆ بكرێت.

 

ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی قوشتەپە یەكێكە لەو ئەنجومەنانەی كە ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەرپەرشتیان دەكات و لەژمارەیەك گەنجی خۆبەخشی ناوچەی قوشتەپە پێكدێت كە ئامانجییان برەودانی زیاترە بەتواناكانی گەنجان و بەشداری پێكردنیان لەناوەندەكانی بڕیاردان.