بەئامانجی هەلسەنگاندنی ڕەوشی بێکاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی گەنجانی سۆران یەکەمین کۆبوونەوەی گشتگیری خۆی ئەنجامدا.

 

لە ڕۆژی دووشەممە 30ی11ی2020 لە هۆلی اسماعيل بێشکچی زانکۆی سۆران بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی گەنجانی سەرکردەی سۆران، بەڕێوەبەری ئاسایش، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بەڕێوەبەری سەنتەری گەشەپێدانی زانکۆی سۆران، بەڕێوەبەری کارگێڕی کار و ڕاهێنانی پیشەیی سۆران، هەردوو ڕاگری فاکەڵتی ئاداب و یاسای زانکۆی سۆران، بەرپرس قوتابیان، بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سۆران، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوان و بەرپرسی دەزگای حکومی و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و دەرچوانی زانکۆ یەکەمین کۆبوونەوەی گشتگیری خۆی ئەنجامدا.

 

تەوەری هەرە گرینگی کۆبوونەوەکە لە سەرەتادا بریتی بوو لە ناساندنی ئەنجومەن و ئەو کاروچالاکیانەی کە لە ماوەی دامەزراندنی دا ئەنجامیان دا بوو، هەروەها بابەتی سەرەکی بریتی بوو لە پرسی بێکاری و کاریگەرییەکانی لەسەر گەنجانی دەڤەرەکەدا.

 

لەم کۆبوونەوەیەدا ژمارەیەک داتای بێکاری خرانە ڕوو کە لەلایەن ئەنجومەنی گەنجان ئامادەکرابوون، لەگەڵ چەند پڕۆژە و پێشنیار ئاراستەی بەرپرسانی ناوچەکە کرا بەمەبەستی پالپشتی کردن و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان، لەهەمان کاتیشدا کۆمەلێک گەنجی بەهرەمەند ئامادە بوون لەگەڵ نمایش کردنی بەهرەکانیان بۆ ئامادەبووان. بەمەبەستی زیاتر گرینگی دان بە بەهرەی گەنجان و بەردەوام بوون لە پالپشتی کردنیان. ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی سۆران یەكێكە لەو ئەنجومەنانەی كە ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەرپەرشتیان دەكات و لەژمارەیەك گەنجی خۆبەخشی شاری سۆران پێكدێت كە ئامانجییان برەودانی زیاترە بەتواناكانی گەنجان و بەشداری پێكردنیان لەناوەندەكانی بڕیاردان