لە 9ی كانوونی یەكەمی 2015 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەكۆی دەنگ بڕیاری ژمارە 2250 ی سەبارەت بە " ئاشتی و ئاسایشی گەنجان" پەسەندكرد ، كە ئەمەش دەبێتە یەكەم بڕیار لە جۆری خۆی، بەئامانجی پەرەپێدانی بەشداری گەنجان لە بنیاتنانی ئاشتی و پرۆسەكانی بڕیاردان . داوا لەدەوڵەتانی ئەندام كرا بیر لەڕێگەچارەكان بكەن بۆ زیادكردنی نوێنەرایەتیی گشتگیری گەنجان لەپڕۆسەی بڕیارداندا لەهەموو ئاستەكاندا بۆ ڕێگرتن و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان.

لەپێنجەمین ساڵیادی دەرچوونی بڕیارەكەداو لە 10 ی كانوونی یەكەمی 2020 ڕێكخراوی ئاشتی و ئازادی و بەكاركردنی شان بەشانی هاوكارە نێودەوڵەتییەكانی ، هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ ئاشتی و ئاسایشی لاوان لەعیراق دەست پێدەكات بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەم بڕیارە ، بەپشتیوانی سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتوان، وە ئەكادیمیای سویدی فۆلك بێرنادۆت، لەژێر چاودێری وەزارەتی لاوان و وەرزش لەعیراق.