لەپێنجەمین دیالۆگی خۆیدا، هۆكارەكانی دابەزینی ئاستی زانستی قوتابیان، ناونیشانی ئەو بابەتەبوو كە ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی سۆران بەبەشداری ژمارەیەك قوتابی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، توێژەری كۆمەڵایەتی و دایكان و باوكان، ئەنجامیدا.

 

چالاكییەكە لە رۆژی سێشەممە 5ـ1ـ2021 و لەهۆڵی قوتابخانەی كۆڕەكی ناحكومی لەقەزای سۆران بەڕێوەچوو.

 

دوای نمایشكردنی داتا و ئامار لەبارەی ژمارەی قوتابی و قوتابخانە لەسنوری پەروەردەی قەزاكە تاوتوێی چەندین هۆكار و بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستی قوتابیان تاوتوێكرا كە گرنگترینیان ئەمانەبوون:-

• ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاتنەكایە خوێندنی ئەلیكترۆنی و دوركەوتنەوەی قوتابی لەكەشی پۆل 

• ناشارەزایی مامۆستایان لەپسپۆریەت

• باری ئابوری

• زۆری ژمارەی قوتابیان لەپۆل

• گۆڕانكاری لەسیستەمی خوێندن

• لاوازی بەدواداچون بۆچارەسەركردنی كێشەكانی مامۆستا و قوتابی 

• كەمی توێژەر لەناوەندەكانی خوێندندا

• لاوازی ئاستی رۆشنبیری گشتی

دواتریش لەلایەن ئامادەبوانەوە ژمارەیەك چارەسەر و پێشنیاریان لەسەربەمای هۆكارەكان تاوتوێكرد.

رێكخراوی ئاشتی و ئازادی سەرپەرشتی و پاڵپشتی چوار ئەنجومەنی گەنجان دەكات لە(شێخان، سمێل و قوشتەپە) ئەنجومەنی گەنجانی سەركردەی سۆرانیش یەكێكە لەو ئەنجومەنانە كە ژمارەیەك گەنجی خۆبەخشن و چالاكییەكانیان بەگشتی بۆ توێژی گەنجانە و هاندانی گەنجانە بەئاڕاستەی بەرزتربونەوەی ئاستی رۆشنبیری و هێنانەكایە زیاتری رۆحییەتی خۆبەخشی و دروستكردنی دەرفەتی زیاترە بۆ گەنجان تا رۆڵی خۆیان بگێڕن و لەكایەجیاوازەكانی ژیاندا رۆڵ و پێگە و كاریگەری زیاتریان هەبێت.

 

سۆران یەكێكە لەو قەزایانەی كە لەسنوری پارێزگای هەولێرە و بەدوری 120 كیلۆمەتر كەوتوەتە باكوری پارێزگاكەوە، بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر 125 هەزار كەسی لێ دەژی، پێكهاتەی قەزای سۆران فرە كەلتورە و بڕوادارانی هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحیەتی تێدا دەژی.