ره‌وشی مافه‌كانی كرێكاران له كوردستاندا
هیوا عمر
• ره‌وشی مافی كرێكاران له چه‌ند ته‌وه‌رێكدا:
1- هه‌ڵكشانی رێژه‌ی بێكاری بۆ .8 35%
2- لێكه‌وته‌كانی سیاسه‌تی نیو لیبرالیزمی ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر كرێكاراندا
3- نه‌بونی هه‌لی یه‌كسانی كار و دابه‌زینی ئاستی ژیانی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران)
4- رێگری له فره‌یی و ئازادیی كاری سه‌ندیكایی له كه‌رتی گشتی وتایبه‌ت .
5- جێ به‌جێ نه‌كردنی یاساكانی كرێكاران :
- ڕێژه‌ی ٧٨٪ ی كرێكاران ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆنه‌كراوه
- له‌ماوه‌ی 25 ساڵ له‌كۆی گشتی هێزی كاری كه‌رتی تایبه‌ت ته‌نها 600 كرێكار خانه‌نشینكراون .
6- له ساڵی 2016 ( 60 ) كرێكار گیانی له ده‌ستداوه ؟
له یه‌كی ئایاری 2017 دا ، نزیكه‌ی سه‌ده‌ونیوێك به‌سه‌ر وخۆپیشاندانی كرێكارانی شاری شیكاگۆ دژبه چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی تێپه‌رده‌بێت. له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی چه‌وساندنه‌وه، تێكۆشانی چینایه‌تیش به‌رده‌وامه له‌پێناو بنیادنانی سۆسیالیزم.
به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری وهه‌ژاری ودابه‌زینی ئاستی لایه‌نی كه‌می كرێ، به‌شێكن له ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌مرۆی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی كه‌رووبه‌رووی كرێكاران ده‌بێته‌وه ، له‌پاڵ قه‌یرانه‌كانی تری ئه‌و سیسته‌مه وه‌ك قه‌یرانه‌كانی شهروئابوری وههڵكشانی راسیزم ورهگهزپهرهستی وفاشیزم . قه‌یرانی سه‌رمایه‌داری هاوچه‌رخ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش قوڵترده‌بێته‌وه ، كه له‌رێگای گواستنه‌وه‌ی جوگرافیای قه‌یران بۆ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ،خۆی له‌دروستكردنی شه‌رو سه‌رقاڵكردنی كرێكاران به ململانێی مه‌زهه‌بی وشه‌ری ناسنامه‌ی لۆكاڵی ده‌بینێته‌وه ، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی بازار‌و گواستنه‌وه‌ی ململانێی چینایه‌تی بۆ ململانێی مه‌زهه‌بی وئاینی ولۆكاڵی كه به‌پله‌ی یه‌كه‌م كرێكاران زه‌ره‌رمه‌ندی ئه‌م دۆخه دروستكراوهن .
كاتێك له‌باره‌ی ره‌وشی مافه‌كانی كرێكارانی كوردستان قسه ده‌كه‌ین هه‌ڵومه‌رجه‌كه دابراونییه له تابلۆ گشتییه‌كه‌ی ره‌وشی مافه‌كانی كرێكارانی جیهان له سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ، له‌لایه‌كی تر ره‌نگدانه‌وه‌ی سروشتی چینایه‌تی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پێگه‌و ره‌وشی مافه‌كانی كرێكاران .
سروشتی چینایه‌تی ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی سه‌رمایه‌داری دواكه‌وتوو و پاشكۆوپشتبهستووه به ئابوری به‌رخۆرو چه‌مكی ده‌وڵه‌تی به‌رخۆری ، به‌جۆرێك بوارێكی فراوانی بۆ بۆرژوازیه‌تی بیرۆكراسی و مشه‌خۆر ره‌خساندوه.ئه‌م سروشته چینایه‌تی و بۆرژوازیی و بیرۆكراسیه مشه‌خۆرییه له‌حوكمدا، ره‌نگیداوه‌ته‌وه له‌سه‌ر هه‌ڵومه‌رجی ژیان وره‌وشی مافه‌كانی كرێكاران . له غیابی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی كهزهمانهتی مافه‌كانی كریكاران بكات به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رێكخراوی كاری جیهانی له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعی ،وه له ئاستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیش خۆی ده‌بینیته‌وه له ده‌ركردنی رینمایی پێچه‌وانه به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كریكاران وكه‌م كردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی مافی بیمه كۆمهوڵایهتییهكان ده‌یان گرێته‌وه و مانه‌وه‌ی هه‌زاران كرێكار له ده‌ره‌وه‌ی مافی بیمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،به‌تایبه‌ت كرێكارانی بیناسازی وئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كاری به‌رده‌وامیان نییه ، هه‌روه‌ها نه‌بونی میكانزمی گونجاو وچاودێری ورد كهزهمانهتی جێبه‌جێكردنی یاساكانی كرێكاران بكات یه‌كێكی تره له‌و پێشێلكاریانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن لێ به‌رپرسیاره .
ده‌سه‌ڵات له ده‌رفه‌ت ده‌گه‌رێت بۆ جێ به‌جێ كردنی پرۆژه‌كانی خۆی، له ئیستادا قه‌یرانی دارایی وئابوری ئیستغلالكراوه بۆ جێبه‌جێكردنی رهچهتهكانی سندوق نێوده‌وڵه‌تی وبانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی نیولیبرالیزم كه خۆی ده‌بینێته‌وه له كه‌م كردنه‌وه، یا نه‌هێشتنی رۆڵی حكومه‌ت له ژیانی جڤاكی و دابه‌زینی لایه‌نی كه‌می كرێ وبه‌رزبونه‌وه‌ی بێكاری وهه‌ژاری وزیاد كردنی باج ورسومات له‌سه‌ر كرێكاران ونه‌هێشتنی كه‌رتی گشتی وفرۆشتنی به كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌نجام مانه‌وه‌ی كرێكارانه له دۆخی نادڵنیایی كۆمه‌ڵایه‌تی وئابوری.
ره‌وشی مافی كرێكاران له چه‌ند ته‌وه‌رێكدا
هه‌ڵكشانی رێژه‌ی بێكاری بۆ .8 35%
ئاماره‌كان راستی مه‌ترسی هه‌ڵكشانی جیاوازییه چینایه‌تییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان پشت راستده‌كه‌نه‌وه . تادێت كه‌مینه‌یه‌كی نزیك له ده‌سه‌ڵات سه‌رمایه‌كانیان زیاتر ده‌بێت وزۆرینهش ده‌كه‌ونه ژێر یا نزیك له هێڵی هه‌ژارییه‌وه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری .
به‌پێ روپێوی وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێم ، رێژه‌ی بێكاری له هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتۆته له 13.5% . وه ئه‌گه‌ر به‌وردی و به راستی دواین داتای حكومه‌ت بخوینیینهوه ده‌لێت جگه له‌و رێژه‌یه واته 13.5% بێكاری ، له هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیۆن و 241 هه‌زار كه‌س كارناكه‌ن ، كه هۆكاره‌كه‌یان بۆ بونی كۆمه‌لێك كۆسپ به‌نمونه ئه‌و ئافره‌تانه‌ی منداڵیان هه‌یه یان ده‌یانه‌وێت مۆڵه‌تی دایكایه‌تی وه‌ربگرن له كه‌رتی تایبه‌ت كه‌متر ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئافره‌ت زۆر روو له كه‌رتی تایبه‌ت نه‌كات ، كه‌واته رێژه‌ی بێكاری راسته‌قینه له هه‌رێمی كوردستان به لابردنی ئه‌و كۆسپانه ده‌گاته له .8 35% .
لێكه‌وته‌كانی سیاسه‌تی نیو لیبرالیزمی ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر كرێكاراندا
به‌پێ نه‌خشه رێگای بانكی جیهانی وحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020، كه له ئه‌نجامی كۆنفرانسێك هات به ئیشرافی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و له رێگای ده‌زگای ره‌ند له مانگی ئایاری ساڵی 2016 ودواتریش له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش په‌سه‌ندیكرد ، وه‌ك دیدگای حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی 2020 نه‌خشه‌رێگاكه بۆته به‌رنامه‌ی حكومه‌ت كه خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی برتییه له زیادكردن ودانانی رسومات وباج له‌سه‌ر هاوڵاتیان وكه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌سره‌فی حكومه‌ت له رێگای كه‌مكردنه‌وی ژماره‌ی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران) وخانه‌نشینان ونه‌هێشتنی كۆمه‌كی حكومه‌ت بۆ بواره‌كانی خزمه‌تگوزرای وبنزین ونه‌وت وخۆراك هتد .. هاوكات فرۆشتنی كه‌رتی گشتی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت ودابینكردن وپاڵپشتی بۆ پرۆژه سه‌رمایه‌داره‌كان یه‌كێكی تره له ئه‌وله‌ویه‌تی پرۆژه‌كه .
كه‌واته به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاری وهه‌ژاری ده‌رئه‌نجامه ، په‌یره‌وكردنی پاشه‌كه‌وتی ئیجباری سیاسه‌تێكی پلان بۆ دارێژراوه له چوارچێوه‌ی كه‌مكردنه‌وی مه‌سروفاتی حكومه‌ته وه‌ك له‌سه‌ره‌و ئاماژه‌مان پێدا ،له لایه‌كی تر ناچاركردنی فه‌رمانبه‌رانه به وازهێنان له كه‌رتی گشتی .
زیادكردنی باج ورسوماتهكانی شاره‌وانی وهاتوچۆ وجۆره‌كانی تر به‌نمونه پاره‌ی به‌ناوكردنی خان‌و وسهیاره وبریاری وه‌رگرتنی پاره‌ی خۆڵ وخاشاكی ماڵان وفرۆشتنی كه‌رتی كاره‌باو نه‌مان یان كه‌م بونه‌وه‌ی داوده‌رمان له نه‌خۆشخانه‌كانی حكومه‌ت وخزمهتگوزارییهكانی تری گشتی ،پاكێجێكه له مانگی ئایاری ساڵی رابردوو حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی بریاری له‌سه‌رداوه ، ئه‌وانه به‌شێكن له كۆمه‌لێك هه‌نگاوی تر له داهاتوو ده‌یبینین كه له ئێستاوه به‌رپرسانی حكومه‌ت وده‌زگا راگه‌یاندنه گه‌وره‌كانیان خه‌ریكی هێرش وناشرینكردنی كه‌رتی گشتین ،وه‌ك له دواین وتاری سه‌رۆكی حكومه‌ت ،هه‌موو كه‌م وكوری وشكستهكانی حكومرانی وكه‌رتی ته‌ندورستی ده‌خاته ئه‌ستۆی كه‌رتی گشتی و بانگه شه بۆ به‌تایبه‌تكردنی ده‌كات .
له‌ماوه‌ی پێشوو توێژه په‌راوێزخراوه‌كانی وه‌ك كرێكارانی كه‌رتی گشتی وكه‌رتی تایبه‌ت تائاستێك سودمه‌ندبوون له خزمهتگوزارهكانی كه‌رتی گشتی به‌تایبه‌ت خزمه‌تگوزاری ته‌ندورستی وخوێندن. به‌ڵام به‌كرداری ئێستا نه‌خۆشخانه وقوتابخانه‌و زانكۆ حكومییه‌كان هه‌ربه‌ناو ماون ئاست وكوالێتیان ته‌واو دابه‌زێنراون به‌هۆی پشتگوێخستن وخه‌رج نه‌كردنی بوجه‌ی تایبه‌ت بۆیان كه له‌م دۆخه‌ش كرێكاران زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من ، ئامانج لێی ناشرینكردنی ئهوكهرتهیه بۆ جوانكردنی كه‌رتی تایبه‌ت كه ده‌سه‌ڵات راسته‌وخۆ وناراسته‌وخۆ خاوه‌نی كارتی تایبه‌ته .
ره‌وشی مافه‌كانی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران )
نه‌بونی هه‌لی یه‌كسانی كار و دابه‌زینی ئاستی ژیانی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران)
مامه‌ڵه‌ی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كابینه‌كانی حكومه‌ت ،به‌رده‌وام به‌كارهێنانی دام وده‌زگاكانی وڵات بووه بۆ به‌رژه‌وه‌نده‌ی ته‌سكی حزبی وكرینی وه‌لائی هاوڵاتیان. له رێگای دامه‌زراندن له كه‌رتی گشتی وبهخشینهوی پله‌وپۆست به هه‌وادارانیان .واته دۆزینه‌وه وپێدانی هه‌ڵی كار له مافێكی سه‌ره‌تایی كرێكاران له‌كه‌رتی گشتی گۆراوه به پێدانی وده‌سته‌به‌ركردنی كار له به‌رامبه‌ر زه‌وتكردنی ئیراده یا فرۆشتنی بوه ،كرێكارانی كه‌رتی گشتی ناچاركراون ته‌نها هێزی بازویان نه‌فرۆشن بۆ ده‌ستكه‌وتنی كار به‌ڵكو ناچاركراون هێزی بیروباوهریشیان بفرۆشن ته‌نها له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتنی كارێك له كه‌رتی گشتی و وه‌رگرتنی راژهیهكی وه‌زیفی . هه‌رچه‌نده ئێستا دامه‌زراندن به فه‌رمی نه‌ماوه به‌ڵام ئه‌و جیاوازیكردنه به‌رده‌وامی هه‌یه له رێگای پێدانی پله وپۆست و به‌رزكردنه‌وه‌ی پله‌ی وه‌زیفی له‌ناو فه‌رمانبه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی وئینتیمای سیاسی .
له‌ماوه‌ی دووساڵی رابردوو مافه‌كانی كرێكارانی كه‌رتی گشتی رووبه‌رووی زۆرترین پێشێلكاری بۆته‌وه، له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی داریی وئابوری موچه‌ی 4مانگی فه‌رمانبه‌ران نه‌درا ،دواتر ئه‌و پێشێلكارییه درێژه‌ی پێدرا له رێگای سه‌پاندنی پاشه‌كه‌وتی به‌زۆری موچه.هاوكات سه‌دان فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست بێ كاركران به‌هۆی تازه نه‌كردنه‌وی گرێبه‌سته‌كانیان .
هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێ دهلًێن ئه‌م دۆخه به‌رده‌وام ده‌بێت ،له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیشی لێكه‌وته‌كانی زیاتر ده‌بێت له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی ژیانی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران ) .چونكه تائاستێك به‌شێك له فه‌رمانبه‌ران ئه‌گه‌ر توانای به‌رگه گرتنی ئهودۆخهیان هه‌بووبێت به‌هۆی به‌كارهێنانی پاره‌ی پاشه‌كه‌وتی كه‌سی وفرۆشتنی ماڵ وخانوو وئوتومبێلهكانیان بوه ، بێگومان له‌حاڵه‌تی درێژه كێشانی ئه‌و دۆخه ئاستی ژیان وچینی ناوه‌راست به‌ته‌واوی رووبه‌رووی ههرهشهدهبێتهوه ،كه خۆی ده‌بینیته‌وه له به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری و كێشه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وههڵكشانی ئاماری توشبون به‌نه‌خۆشی ونهخوێندهواری ودابه‌زینی ئاستی ته‌مه‌ن .به‌داخه‌وه له ئێستادا ئاماژه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م كێشانه به‌رونی ده‌بینرێت .
رێگری له فره‌یی و ئازادیی كاری سه‌ندیكایی له ناو كرێكارانی كه‌رتی گشتی وتایبه‌ت
ریشه‌ی پێشێلكردنی كاری سه‌ندیكایی له ناو كرێكارانی كه‌رتی گشتی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، به‌بڕیاری ژماره 150ی ساڵی 1987، كه ناسنامه‌ی كرێكاری كه‌رتی گشتی گۆردرا به فه‌رمانبه‌ر وكاری سه‌ندیكایی وئه‌ندام بون له كرێكارانی كه‌رتی گشتی قه‌ده‌غه‌كرا .سه‌ره‌رای راپه‌رین وده‌ركردنی رژێمی به‌عس له هه‌رێمی كوردستان و دواتر روخاندنی له ساڵی 2003 ،كه‌چی تائێستا كاربهم بریاره ده‌كرێت ،كرێكاران سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی رووبه‌رووی نه‌بونی هه‌لی یه‌كسانی كارونهدان وكه‌م كردنه‌وه‌ی موچه وچه‌وساندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر ده‌بن كه‌چی مافی خۆرێكخستنیشیان لێ زه‌وتكراوه .
هه‌رچه‌نده له رێكه‌وتی 25-12-2016 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق رێكه‌وتننامه‌ی ژماره (87)ی ساڵی 1948 تایبه‌ت به ئازادی كاری سه‌ندیكایی وپاراستنی مافی رێكخستنی سه‌ندیكای رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی موسادهقهكرد ،كه ئه‌مه بۆخۆی به‌ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی بۆ بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری وداهاتوی كاری سه‌ندیكایی ئه‌ژمارده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا،بهلًام تائێستا په‌رله‌مانی عێراق یاسای پێ ده‌رنه‌كردوه بۆ پاڵپشتیكردنی ئازادی كاری سه‌ندیكایی ،هه‌رچه‌نده ئاستنگی یاسای زۆر هه‌یه له عێراق بۆ ئازادی كاری سه‌ندیكایی به‌ڵام به‌هێزی بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری وپارته چه‌په‌كان توانیویه‌تی چه‌ندین سه‌ندیكا ویه‌كێتی سه‌ندیكای دروست بكات هه‌رچه‌نده به‌شێك له سه‌ندیكاكان راسته‌وخۆ پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌ست له‌كاروباریان وه‌رده‌ده‌ن به‌ڵام تونراوه ئه‌مساڵ هه‌نگاو بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی كرێكاران له ناوه‌نده‌كانی كار بۆسهندیكاكان ئه‌نجام بده‌ن .به‌ڵام له هه‌رێمی كوردستان له دوای 25ساڵ حكومرانی تا به ئێستا رێكخستنی كاری سه‌ندیكایی له كه‌رتی گشتی قه‌ده‌غه‌كرا وه به‌پێچه‌وانه‌ی رێكه‌وتن نامه‌ی ژماره (87)ی ساڵی 1948 تایبه‌ت به ئازادی كاری سه‌ندیكایی وپاراستنی مافی رێكخستنی سه‌ندیكای رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی .له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ندیكایه‌كی به‌ره‌یی وحزبی دوور له خواستی كرێكاران كراوه به نوێنه‌ری كرێكاران كه رۆژێك له رۆژان هیچ كرێكارێك ده‌نگی نه‌داوه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كوردستان نوێنه‌راتی بكات.
ئهگهربگهرینهوه سه‌ره‌تای دروستبونی یان باشتروایه بلێن دروستكردنی یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كرێكاران له كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه بۆ 14ی شوباتی ساڵی 1992 به بریارێكی حزبه‌كانی به‌شدار له به‌ره‌ی كوردستانی دروستكرا ،دوور له ئیراده‌ی كرێكاران . دواتر له چوارچێوه‌ی یاسای ژماره 18ی كۆمه‌ڵه‌و سه‌ندیكاكان له‌ساڵی 1993 مۆڵه‌تی كاركردنی پێدراوه ، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین بۆ ئاستی په‌یره‌وكردنی هه‌ڵبژاردن وپرۆسه‌ی دیموكراسی ناوه‌خۆیی له‌دوای 25ساڵ هیچ كۆنگره‌و هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌نجام نه‌داوه ،له بری ئه‌وه له‌سه‌رده‌می شه‌ری ناوه‌خۆ سه‌ندیكای كرێكاران وه‌ك لق ومه‌ڵبه‌نده‌كانی پارتی ویه‌كێتی مامڵه‌ی له‌گه‌ڵكراو له‌تكرا بۆ دوو سه‌ندیكا ، تاوه‌كو ساڵی 2010 به‌فه‌رمی بریاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ندیكای كه‌رتكراو به‌شێوه‌یه‌كی شكلی راگه‌ینرا .تا به ئێستاش ململانێ وپێشبركێی پارتی یه‌كێتی به‌رده‌وامه بۆ لێدان وناشرینكردنی كاری سه‌ندیكایی ،به‌پێ دوا زانیارییه‌كان له ئێستادا ئاستی ململانییه‌كان بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌ی سێ مانگه مه‌كته‌بی ته‌نفیزی هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نه‌كرده‌وه وه زۆربه‌ی ئیش وكاره‌كانیان وه‌ستاوه به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات له كاروباری سه‌ندیكا .
له‌وه‌ها دۆخیكدا چه‌ند پرسیارێك رووبه‌روومان ده‌بێته‌وه وه‌ك .
مه‌به‌ست وترس چییه له رێگری له ئازادی كاری فره سه‌ندیكایی ؟
بۆچی ده‌بێت ،سه‌ندیكایه‌كی حزبی بكرێته نوێنه‌ری كرێكاران و ئه‌و سه‌ندیكایه‌ش هیچ كۆنگره‌و كۆنفرانسێك نه‌به‌ستێت ؟
ئه‌ی بۆچی كاری سه‌ندیكایی له‌كه‌رتی گشتی قه‌ده‌غه‌بكرێت ؟
ره‌نگه ئه‌م پرسیارانه وه‌ڵامی جیا هه‌ڵبگرێت به‌ڵام پیم وایه زۆربه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكبین كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارته بۆرژاواكان ئه‌وه ده‌خوازێت كه ئه‌نجامیان داوه، كه لێكهوتهكان برتییه له نه‌بونی سه‌ندیكایه‌ك كه نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی كرێكاران بكات .
هاوكات ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپی ئه‌و مۆدێله له كاری سه‌ندیكایی كه ره‌نگی داوه‌ته‌وه له نه‌بونی متمانه له نێوان كرێكاران وسه‌ندیكاكان ،ئه‌گه‌ر سه‌یربكه‌ین له ئاستی رێژه‌یی سه‌ندیكاكانی كرێكاران خاوه‌نی زیاتر له (80000)ههشتاههزارئهندامن به‌هۆی گرتنه‌به‌ری ئه‌ندامێتی به زۆره‌ملێ و وه‌رگرتنی ئابونه وپێدانی ناسنامه بهكرێكاران به‌ڵام له مێژووی یه‌كێتی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان نه‌یان توانیوه سه‌دا یه‌كی ئه‌وژماره‌یه له رێپێوانێكدا له ده‌وری خۆیان كۆیان بكه‌نه‌وه .
له ده‌رئه‌نجامدا،كرێكاران له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی خۆرێكخستن گه‌مارۆدراون و ههرخاوهنكارێك چۆنی بوێت،له‌ده‌ره‌وی یاساكانی كرێكاران به‌پێی سنوری چاوچنۆكی سه‌رمایه‌داران مامڵهدهكات .له‌ولاشه‌وه هه‌ڵكشانی داتای پێشێلكارییه‌كانی سه‌ر مافه‌كانی كرێكاران هاوشانبێت له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندبونی زیاتری سه‌رمایه‌داره‌كان وههژارتربونی هه‌ژاران .هه‌رئه‌م دۆخه‌ش وایكرد حكومه‌ت زۆر به‌ئاسانی بۆی بچێته‌سه‌ر موچه‌ی چه‌ندین مانگی كرێكارانی كه‌رتی گشتی (فه‌رمانبه‌ران ) نه‌دات ودوایش به په‌یره‌وكردنی نیوه موچه درێژه به چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران بدات . هه‌ره‌وه‌ها ناره‌زایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌ی وه‌رزی وله ئاستی ناوچه‌یه‌كی نهپهرێتهوه بۆ ته‌واوی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت ،له‌لایه‌كی تریش ئیتلافی حكومران به ئاره‌زوی خۆی له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناره‌زایه‌تییه‌كان بكات وه‌ك كارتی فشار بۆ وه‌رگرتنی كێكی ده‌سه‌ڵات مامڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات له‌چوارچێوه‌ی حكومه‌تێكی به‌ش به‌شێنه‌ی حزبی .
له مێژوی په‌رله‌مانی كوردستان كه هه‌زاران یاسای هه‌موار ده‌ركراوه ،دوای ناره‌زایه‌تی وفشاری زۆر یاسای خانه‌نیشنی وده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مواركرایه‌وه به كه‌م وكوری زۆره‌وه كه چاره‌نوسی هه‌زاران كرێكاری بیناسازی له رووی پاڵپشتكردنی مافی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌نادیاری مایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به رێنمایی چاره‌سه‌ری بكات كه‌چی دوای (5)ساڵ له هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌م یاساییه تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم رێنمایی بۆ پاڵپشتیكردنی مافه‌كانی كرێكارانی بیناسازی به‌تایبه‌ن ئه‌وانه‌ی كاری هه‌میشه‌ییان نییه ده‌رنه‌كردوه .
جێ به‌جێ نه‌كردنی یاساكانی كرێكاران ؟
ئهگهرتهماشا بكه‌ین ئاستی جێ به‌جێ كردنی مافی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌ی له یاسایی هه‌مواری ژماری 4ی ساڵی 2012داهاتوه ده‌لێت ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێكه له‌مافه بنچینه‌ییه‌كانی كرێكار. ئه‌م مافه‌ش له هه‌ردوو یاسای ژماره (٣٩)ی ساڵی ١٩٧١ ی عێراق و یاسای ژماره (٤)ی هه‌مواركراوی ساڵی ٢٠١٢ی هه‌رێمی كوردستان چه‌سپێنراوه. له كاتێكدا ئه‌م یاسایانه هێنده به گرنگیه‌وه باس له پێویستی دابینكردنی ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن بۆ كرێكاران، ئه‌گه‌ر خاوه‌نكار یه‌ك كرێكاریشی هه‌بێت ده‌بێت زه‌مانی بكات ، به‌ڵام به‌پێ تازه‌ترین توێژینه‌وه‌ی رێكخراوی ئاشتی وئازادی له كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت ، تا ئێستا له ئه‌رزی واقیعدا ئه‌م یاساییانه به پێی پێویست جێ به‌جێ نه‌كراون. هه‌روه‌ك له گرافیكهكه له ئه‌نجامی ڕووپێوه‌كه ده‌ركه‌وت له كۆی ٨٤١ كرێكار كه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه كه ئاخۆ "ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیت بۆ كراوه؟" ته‌نها ١٨٣ كرێكار باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌سته‌به‌ری كۆمهلایهتیان بۆكراوه. ئه‌مه‌ش ده‌كاته ڕێژه‌ی ٢٢٪ی نمونه‌ی ڕووپێویهكه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه ٦٥٨ كرێكار ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆنه‌كراوه كه ده‌كاته ڕێژه‌ی ٧٨٪ی نمونه‌ی ڕوپێویهكه
600كرێكار خانه‌نشینكراون ؟
به‌پێ به‌دواداچونه‌كانمان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 25 ساڵ له‌كۆی گشتی هێزی كاری كه‌رتی تایبه‌ت ته‌نها 600 كرێكار خانه‌نشینكراون .
به‌پێ دوا داتا ،یه‌كێتی گشتی سه‌ندیكاكانی كرێكارانی كوردستان زیاتر له (80000)ههشتاههزارئهندامی هه‌یه واته له‌كۆی ئه‌م ژماره‌یه‌و بێگومان هه‌زارانی تریش هه‌یه ئه‌ندام نین، ته‌نها (600)كرێكار له دوای راپه‌رینه‌وه تائێستا خانه‌نشینكراون كه به‌شێكیش له‌و ژماره‌یه‌ی خانه‌نشینكراون هی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه . كۆی بری ئه‌و موچه‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرن له خانه‌نشینی له نێوان (180000بۆ 300000)هه‌زاردیناره .
ئه‌و دوونمونهیه پێمان ده‌لێن چوارچێوه‌ی دام وده‌زگایی له حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی كارولێژنهكانی پشكنین ،یاساكانی په‌یوه‌ست به كرێكاران جێ به‌جێ ناكه‌ن ،ئه‌وه‌ش بێگومان له خزمه‌تی خاوه‌نكارو سه‌رمایه‌داره‌كانه كاتێك له دوای بیست وپێنج ساڵ حكومرانی ته‌نها 600كرێكار خانه‌نشین بكه‌یت به‌موچه‌ی كه‌متر له 300 هه‌زار دینار ،كاتێك ڕێژه‌ی ٧٨٪ی كرێكاران ئه‌وانه‌ی به‌پێ یاسا زه‌مان ده‌یانگرێته‌وه ،زه‌مان ناكرێن .
له ساڵی 2016 ( 60 ) كرێكار گیانی له ده‌ستداوه ؟
له ساڵی 2016 ( 60 ) كرێكار له‌كاتی كاركردن گیانیان له ده‌ستداوه .له‌سه‌ر ئاستی شاره‌كانی هه‌رێم به‌م شێوه‌یه دابه‌ش ده‌بێت ،كه (26)كرێكارله شاری هه‌ولێر، (18)كرێكارلهشاری دهۆك، (16) كرێكار له‌شاری سلێمانی . پێم وایه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه بوه‌ستین بۆچی كاتێك رۆژانه هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی كرێكارێك یا له‌سه‌ركارده‌ركردنی یا برینداربونی یا مردنی به‌هۆی خراپی خزمه‌تگوزاری وپابهندنهبونی خاوه‌نكار به جێ به‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی ، بڵاوده‌بێته‌وه، وه‌ك روداوێكی ئاسایی تێپه‌رده‌بێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی رای گشتی دروست بكات ؟به‌بێ ئه‌وی لێژنه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌ت ناچاربكرێت چیرۆكێكی بۆدروست بكات بۆرای گشتی ناوه‌خۆ وده‌ره‌وه ؟
له‌ئه‌مرۆدا هه‌یمه‌نه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ته‌نها هه‌یمه‌نه‌ی وده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌م هێنان و پاره وچه‌ك وده‌وڵه‌تداری نییه ،به‌ڵكو ئه‌و ههیهمهنییه له ئاستی فكری و وشیاری سیاسیشدایه ،ئه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ سه‌یری هه‌ردوو په‌یمان نامه‌ی مافه ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ومافه سیاسی ومهدهنییهكانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان بكه‌ین ماف ههرمافه،چ مافی سیاسی بێت یامافی ئابوری وكۆمه‌ڵایه‌تی بێت. به‌ڵام بروانه كاتێك هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی كرێكارێك به‌هۆی كه‌م ته‌رخه‌می وچاوچنۆكی سه‌رمایه‌دارێك له دابینكردنی هۆیه‌كانی سه‌ڵامه‌تی شوێنی كار بڵاوده‌بێته‌وه چه‌ند جیاوازی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر لێدان له رۆژنامه‌نوسێك یا رێگری له كاری سیاسی كه‌سێكی تر .ئه‌وه‌ی هه‌یه بریتییه له به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ریتمی مۆراڵی سیسته‌م ،له‌دونیای سه‌رمایه‌داری دیموكراسیه‌ت كورتكراوه‌ته‌وه له دیموكراسی سیاسی وهه‌ڵبژاردن وزۆرینهو كه‌مینه ،به‌بێ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی وئابوری دیموكراسی وه‌ربگرین .
ژینگه‌ی كار له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین قات ناسهلامهتره له ژینگه‌ی كاری رۆژنامه‌وانی وسیاسی ، ژینگه‌یه‌كی ناسه‌لامه‌ته بۆكرێكاران به گشتی و به‌تایبه‌ت بۆ كرێكارانی بیناسازی .هۆكاری سه‌ره‌كی به‌هۆی چوارچێوه‌ی دام وده‌زگایی له حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی كارولێژنهكانی پشكنین وبهدوادانهچونی په‌رله‌مانی كوردستانه .
له مێژووی په‌رله‌مانی كوردستان وسه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وحكومه‌ت ئه‌گه‌ر به شكلیش بێت سه‌دان لێژنه‌یان بۆ لێكۆلینه‌وه له كه‌سی جۆراوجۆی پێشێلكاری پێك هێناوه به‌ڵام تا به ئێستا یه‌ك لێژنه بۆ به‌دواداچونی پێشێلكاری وئامارهكانی گیان له‌ده‌ستدانی كرێكاران پێك نه‌هێنراوه ؟
سه‌رچاوه‌كان
- به‌ڵگه‌نامه‌كانی گۆنگره‌ی شه‌شه‌می حزبی شیوعی كوردستان
- توێژینه‌وه‌ی كرێكاری، له بڵاوكراوه‌كانی رێكخراوی ئاشتی وئازادی له كوردستان 2016 .
- http://www.rudaw.net/sorani/business/210220173