مافی كه‌مینه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان
" سه‌رنج و راسپارده "
بۆ لێژنه‌ی هه‌مواروسازان له‌سه‌ر ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان
- ئایاری 2015 -
رێكخراوی ئاشتی وئازادی رێكخراوی مه‌سه‌لله
پێڕست
پێشه‌كی................................................................................................. 3
پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان.............................. 4- 6
روانین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌و پێكهاته‌كان.................................... 6- 8
كوردستان رووبه‌رێك بۆ پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی............................... 8-9
چوارچێوه‌ی یاسایی مافی كه‌مینه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا................................... 9 -12
خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ یاساكان.................................................................. 12-13
ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ومافی كه‌مینه‌كان.................................. . 13 -22
پێشه‌كی
مه‌ترسییه‌كی گه‌وره هه‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رامبه‌ر مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی وئاینی ومه‌زهه‌بی وزمانه‌وانییه‌كان،به باڵاده‌ستبوونی داعش له به‌شێك له‌ناوچه‌كانی ژیانی ئه‌و كه‌مینانه ئه‌و مه‌ترسییه بووه راستی و مه‌ترسییه‌كه‌ش بۆ ئێستا و ئاینده هه‌رماوه‌ته‌وه!
هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌لایه‌ك بۆخۆی یه‌كێكه له‌و شوێنانه‌ی كه چه‌ندین كه‌مینه وپێكهاته‌ی ئاینی ونه‌ته‌وه‌یی ومه‌زهه‌بی تێدایه وله‌ولاشه‌وه له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه هه‌زاران هاوڵاتی سه‌ربه‌كه‌مینه‌كان ده‌یان ساڵه تیایدا نیشته‌جێ بوون.
له‌ماوه‌ی رابردوودا له هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین یاسای په‌یوه‌ندار به‌مافی كه‌مینه‌كان ده‌رچووه كه دواترینیان یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی كوردستان كه دان ده‌نێت به چه‌ندین مافی راشكاوانه بۆ پێكهاته جیاجیاكان،سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه خواستی چالاكوانی بواری كه‌مینه‌كان ومافی مرۆڤ زیاتر بوو له‌ویاسایه‌دا.
ئێستاش كه بڕیار وایه تاوه‌كو 3 مانگی داهاتوو ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بێت بۆ ده‌نگدان له‌لایه‌ن لێژنه‌ی تایبه‌ته‌وه ،هه‌ردوو رێكخراوی ئاشتی وئازادی ورێكخراوی مه‌سه‌لله به‌ده‌رفه‌تمان زانی كه كۆمه‌ڵێك راسپارده‌وسه‌رنج له‌باره‌ی ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه به‌تایبه‌تی ئه‌و ماددانه‌ی كه تایبه‌ته به مافی پێكهاته‌كان بخه‌ینه به‌رده‌ستی لێژنه‌كه.
به‌هیواین سوودی هه‌بێت و ببێته هۆكارێك كه به‌باشترین شێواز مافی پێكهاته‌كان له‌ره‌شنووسه‌كه‌دا جێگه‌ی بكرێته‌وه‌و ببێته ده‌ستوورێك كه فره‌یی وهه‌مه‌چه‌شنی بپارێزێت ورۆحی هاوڵاتی بوون بۆ هه‌مووان ونه‌هێشتنی جیكاری رووخساری بێت.
پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان
له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و به‌پێی ره‌وره‌وه‌ی مێژوو رێككه‌وتنامه‌و په‌یماننامه‌ی جیاجیا مۆركراوه بۆ پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان.ئه‌وه‌ی كه بتوانین له ئێستادا وه‌ك پێوه‌ری ماف بۆ كه‌مینه‌كان به‌گرنگییه‌وه په‌نای بۆ ببه‌ین ،هه‌ندێك له مادده‌كانی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤه كه ساڵی 1948 له‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان جاڕدراوه،كه ده‌توانین هه‌ندێك له‌مادده‌كانی كه تایبه‌ته به پاراستنی جیاوازی و نه‌هێشتنی جیاكاری و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی بیخه‌ینه‌روو،به‌م شێوه‌ی لای خواره‌وه:
مادده‌ی یه‌كه‌م: هه‌موو مرۆڤێك به ئازادی له دایك ده‌بن و یه‌كسانن له نرخ و پایه و ماف‌دا، عه‌قڵ و ویژدانیان پێدراوه ده‌بێ به رۆحێكی برایانه ره‌فتار له گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ن.
مادده‌ی دووه‌م: هه‌موو مرۆڤێك شیاوی سوود وه‌رگرتنه له ته‌واوی ئه‌و ماف و ئازادیانه‌ی له‌م بانگه‌وازه دا هاتوون بێ جیاوازی ره‌گه‌ز و زمان و باری رامیاری و بنه‌مای نیشتمانی.
مادده‌ی حه‌وته‌م: هه‌موو مرۆڤێك له به‌رده‌م یاسا دا یه‌كسانن و مافی پاراستنیان هه‌یه.
مادده‌ی هه‌شته‌م: بۆ هه‌موو كه‌سێك هه‌یه په‌نا به‌رێته به‌ر دادگا نیشتمانیه‌كان بۆ پاراستنی ئه‌و مافه بنه‌ره‌تیانه‌ی كه یاسا و ده‌ستوور پیێ داوه.
مادده‌ی هه‌ژده‌یه‌م: هه‌ر كه‌سێك مافی ئازادی بیر كردنه‌وه و ویژدانی و ئایینی هه‌یه. هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێ عه‌قیده‌ی خۆی بگۆری.
دوابه‌دوای ئه‌ویش له ساڵی 1965 نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌رێگه‌ی په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ نه‌هێشتنی جیاكاری ره‌گه‌زپه‌رستی وڵاتانی ئه‌ندامی له‌و په‌یماننامه‌ی پابه‌ندكرد به‌وه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی " هه‌موو ئه‌و تیۆر‌و بیرۆكانه‌ی كه ده‌ڵێت ره‌چه‌ڵه‌كێك یان گروپێك یان ره‌نگێك یان بنه‌چه‌یه‌ك له‌سه‌رووی ئه‌وانی دیكه‌وه‌یه".دیاره لێره‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لائیحه 15 خاڵییه ئاره‌زوومه‌ندانه‌كه‌یدا كه له نێوان ساڵانی 2006-2007 رایگه‌یاندووه له خاڵی 14 دا خۆی پابه‌ند كردووه به‌و په‌یماننامه‌یه‌وه.
له‌ساڵی 1966 كاتێك كه كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌یكگرتووه‌كان په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی مافه مه‌ده‌نی وسیاسییه‌كانی ده‌ركرد له‌مادده‌ی 27 دا به روونی هاتووه "نابێت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه كه‌مینه‌ی ئه‌تنیكی یان ئاینی یان زمانه‌وانی تێدایه،تاكه‌كانی ئه‌و كه‌مینانه‌ی كه ئاماژه‌ی بۆ كراوه بێبه‌ش بكرێن له مافی رۆشنبیری تایبه‌تیان یان په‌یڕه‌ویكردنی ئاین وئه‌نجامدانی سروته‌كانی و به‌كارهێنانی زمانیان،به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كانیان ". ئه‌وه‌ش ده‌قێكی روونه كه ده‌بێت وڵاتانی ئه‌ندام مافی رۆشنبری و ئاینی بۆ ئه‌و كه‌مینانه ده‌سته‌به‌ربكه‌ن. كه عێراقیش یه‌كێكه له‌وڵاتانی ئه‌ندام له‌و په‌یماننامه‌یه و به‌و شێوه‌یه‌ش ده‌بێت له‌هه‌رێمی كوردستانیشدا ئه‌و مافانه فه‌راهه‌م بێت. ئه‌وه‌ی كه گرنگیشه لم مادده‌یه‌دا ئه‌وه‌یه كه ئه‌و مافانه له‌سه‌ر ئاستی گروپیش به ماف ده‌ناسێنێت واته هه‌ر مافێكی تاكه كه‌سی نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی له جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی ساڵی 1948دا هاتووه.
دیاره مادده‌یه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌م مادده‌یه‌ش له رێككه‌وتنامه‌ی مافی منداڵاندا هه‌یه.
ساڵی 1992 نه‌ته‌وه‌یكگرتووه‌كان جاڕنامه‌ی مافه‌كانی بۆ كه‌سه‌كانی سه‌ربه كه‌مینه‌كان راگه‌یاند كه تیایدا جه‌ختی كردۆته‌وه له پره‌نسیپی "نه‌هێشتنی جیاكاری" و داواش له وڵاتان ده‌كات كه پارێزگاری له "بوون ومانه‌وه‌ی كه‌مینه‌كان وپاراستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنی و رۆشنبیری و زمانه‌وانیان بكات" و له‌و پێناوه‌شدا بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه "یاسا ورێسای پێویست " ده‌ربكات.
دیاره لێره‌شدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لائیحه 15 خاڵییه ئاره‌زوومه‌ندانه‌كه‌یدا كه له نێوان ساڵانی 2006-2007 رایگه‌یاندووه، له خاڵی 13 دا خۆی پابه‌ند كردووه به‌و جاڕنامه‌یه‌وه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌پێی خوێندنه‌وه‌مان بۆ جاڕنامه‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسای هه‌ندێك له وڵاتان و ته‌نانه‌ت به پێی رای شاره‌زایانی بواری مافی كه‌مینه‌كان له تێكڕای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به مافی كه‌مینه‌كان چوار ئه‌ركی گرنگ ده‌كه‌وێته سه‌ر هه‌ر وڵاتێك كه به‌شێوه‌یه‌كی كورت لای خواره‌وه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ین:
ئه‌ركی یه‌كه‌م: ئه‌ركی پاراستنی مانه‌وه‌و له‌ناونه‌چوونی كه‌مینه‌كان
ئه‌ركی دووه‌م: پاراستن وپته‌وكردنی ناسنامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی وكلتووری كه‌مینه‌كان
ئه‌ركی سێیه‌م: گه‌ره‌نتیكردنی نه‌هێشتنی جیاكاری و ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانی بۆ هه‌مووان
ئه‌ركی چواره‌م: گه‌ره‌نتیكردنی به‌شداریكردنی كارای كه‌مینه‌كان له كاروباری گشتیدا
بۆیه لێره‌دا ده‌پرسین ئاخۆ ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و یاسا تایبه‌ت و په‌یوه‌نداره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌و ئه‌ركانه‌ی به‌دی هێناوه له‌به‌رامبه‌ر پاراسنی مافی كه‌مینه‌كان؟
له گه‌ڕانمان به مادده یاساییه‌كانی په‌یوه‌ندار به كه‌مینه‌كان و مادده‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان به‌شێك له‌و وه‌ڵامانه‌مان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و،به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی له واقیعی مافی پێكهاته‌كان له پراكتیزه‌كردندا.
روانین بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌و پێكهاته‌كان
به‌پێی خوێندنه‌وه جیاجیاكان بۆ ئه‌زموونی هه‌ندێك له‌وڵاتان ،ئه‌زموونی جۆراوجۆرده‌بینین له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌كان وده‌توانین لای خواره‌وه ئه‌م جۆره ئه‌زموونانه ده‌ستنیشان بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی:
ئه‌زموونی یه‌كه‌م: ئه‌زموونی نكۆڵی‌كردن و هه‌وڵدان بۆ تواندنه‌وه و له‌ناوبردنی كه‌مینه‌كان،ئه‌م ئه‌زموونه له‌سه‌رده‌مانی پێشوو زیاتر په‌یڕه‌ویی ده‌كرا وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به ئه‌رمه‌نه‌كان له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی یان ئه‌وه‌ی كه له عێراقی پێشوو به‌رامبه‌ر به كورد و توركمان وئێزیدی و كوردی فه‌یلی و كلدان سریان ئاشوری و شه‌به‌ك و به‌هائی كرا،یان ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌جووه‌ه‌كان له ئه‌ڵمانیای سه‌رده‌می هیتله‌ر و یان ئه‌وه‌ی كه به‌رامبه‌ر كورد ده‌كرا له توركیا.یان ئه‌وه‌ی ئێستا داعش له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆی له عێراق په‌یڕه‌ویی ده‌كات كه جینۆسایدی به‌رامبه‌ر به ئێزدیی و كوشتارگه و ده‌ركردنی به‌كۆمه‌ڵی به‌رامبه‌ر به توركمان ومه‌سیحییه‌كان ئه‌نجامدا.
ئه‌زموونی دووه‌م: ئه‌زموونی ده‌ركردنی زۆره‌ملێیانه به كه‌مینه‌كان،نموونه‌ی ده‌ركردنی جووه‌كان له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی و عێراق و ده‌ركردنی كورده فه‌یلییه‌كان له‌سه‌رده‌می به‌عس له عێراق و...تد.
ئه‌زموونی سێیه‌م: ئه‌زموونی دانپێدانه‌نان و بێبه‌شیكردنی كه‌مینه‌كان له ناسنامه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سوریا به‌رامبه‌ر به‌كورد ده‌كرێت یان ئه‌وه‌ی له زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی كه به "بدون" ناسراون،هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه له ده‌یان وڵاتی دیكه ئه‌م ئه‌زموونه بوونی هه‌بێت.
ئه‌زموونی چواره‌م: دانپێدانان و بێبه‌شكردنی كه‌مینه‌كان له مافه‌كانیان و په‌راوێزخستنیان له رووی ئابووری وبه‌شداری له‌ژیانی گشتی ،نموونه‌ی ئه‌وه‌ی له میسر به‌رامبه‌ر به قیبتییه‌كان یان ئه‌وه‌ی له سعودیه وبه‌حرین به‌رامبه‌ر به‌شیعه‌و...تد ،په‌یڕه‌ویی ده‌كرێت.
ئه‌زموونی پێنجه‌م: ئه‌زموونی هه‌ڵنه‌كردن پێكه‌وه‌و به‌ره‌و دامه‌زراندنی قه‌وراه‌ی تایبه‌تی وه‌ك ئه‌وه‌ی له سوودان مه‌سیحییه‌كان له ده‌وڵه‌تی سوودان جیابوونه‌وه یاخود ئه‌وه‌ی له كۆسۆڤۆ و...تد. یان ئه‌وه‌ی كه ئێستا له‌عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان رووده‌دات.
ئه‌زموونی شه‌شه‌م: ئه‌زموونی دیموكراسی تایفی كه پێكهاته‌جیاجیاكان له‌نێوان خۆیان وبه پێی ده‌ستوور ویاسا رێكده‌كه‌ون كه ده‌سه‌ڵاته‌كان وكاروبارو ماف و ئه‌ركه‌كان دابه‌ش بكه‌ن،كه دیاره ئه‌مه‌ش بێ‌گرفت نیه و ئه‌وه‌تا لوبنان له‌به‌رده‌م چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدایه.
ئه‌زموونی حه‌وته‌م: ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیاسیه‌تی حكومی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی كه‌مینه‌كان كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌زمونی سه‌ركه‌وتوون، كه ئه‌وانه‌ش چه‌ند شێوه‌یه‌كن:
1-جۆری یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه حكومه‌ت چه‌ندین دامه‌زراوه وده‌زگای تایبه‌تی هه‌یه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنییه‌كان وكه‌مینه‌كانی دیكه،زۆرتر له وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژئاوا ده‌بینرێت.
2-جۆری دووه‌م ئه‌و وڵاتانه‌یه كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك زۆرینه‌یه،به‌ڵام كه‌مینه‌شی هه‌یه بۆیه هه‌ڵده‌ستن به ده‌ستنیشانكردنی مافی كه‌مینه‌كان به‌دیاریی كراوی به پێی یاسا‌و رێكاره‌كان ،ئه‌م نمونه‌یه زیاتر له ئه‌ڵمانیا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بینرێت.
3-ئه‌و وڵاتانه‌ی كه سیاسه‌تێكیدیاریكراوی نیشتمانیان هه‌یه و هیچ جۆره یاسا‌و رێكارێكی تایبه‌تیان نیه بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه وكه‌مینه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی له ژاپۆن هه‌یه به‌نموونه.
ئه‌زموونی هه‌شته‌م: ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه هیچ سیاسه‌تێكی تایبه‌تیان نیه له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌كان وكه‌مینه‌كان،بۆنموونه ئه‌وه‌ی له‌توركیای ئێستا هه‌یه. له‌كاتی روودانی هه‌رگرفتێكیش له‌سه‌ر ئاستی كه‌مینه‌كان وه‌ك رووداوێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی.
پرسیار له‌وه‌دایه ئاخۆ ئێمه له‌كوردستان ده‌مانه‌وێت كام له‌و ئه‌زموونانه تاقی بكه‌ینه‌وه؟ یان ده‌مانه‌وێت ئه‌زمونێكی تایبه‌تی كوردستانی تاقی بكه‌ینه‌وه دوور له‌وانه‌ی كه له‌جیهاندا هه‌یه؟
له گه‌ڕانمان به مادده یاساییه‌كانی په‌یوه‌ندار به كه‌مینه‌كان و مادده‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان به‌شێك له‌و وه‌ڵامانه‌مان به‌ده‌ست ده‌كه‌وێت و،به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی له واقیعی مافی پێكهاته‌كان له پراكتیزه‌كردندا.
كوردستان رووبه‌رێك بۆ پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی
گه‌لی كورد وه‌ك هه‌رگه‌لێكی دیكه به موسڵمانی له‌دایك نه‌بووه،به‌ڵكو به‌رله ئیسلام كوردیش وه‌ك هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه له‌رووی ئاینه‌وه داروبه‌رد وئاو وئاگر وبت و ،دواتریش بووه به‌زه‌رده‌شتی و ئێزیدی و كاكه‌یی و مه‌سیحی و جووله‌كه‌و ...تا ئه‌وه‌ی به‌خۆشی و ناخۆشی ئاینی ئیسلامی وه‌رگرتووه،ئه‌مڕۆش له‌رووی ئاینییه‌وه كورد زۆرینه‌یان موسڵمانن،به‌ڵام هێشتا گه‌لێك كورد هه‌ن كه ئێزیدی و كاكه‌یی و زه‌رده‌شتی و شه‌به‌ك ومه‌سیحیی و جوون.
كوردستان به‌ته‌نها وڵاتی كوردنه‌بووه،به‌ڵكو له‌ته‌ك كورددا كلدانی ئاشوری سریانی و توركمان وئه‌رمه‌ن له پاشانیشدا هه‌ندێك عه‌ره‌ب و له‌پارچه‌كانی دیكه‌ش فارس و تورك و چه‌ركه‌س و ...تد.
به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كاتیش ئیدی له ده‌رئه‌نجامی په‌یدابوونی ئاینزاو مه‌زهه‌به ئاینییه‌كان،كوردی سونه وكوردی شیعه‌وئه‌وانی دیكه په‌یدابوون.
له‌ته‌ك ئه‌وانیشدا ئه‌و كوردانه‌ی كه هه‌ڵگری هیچ بیروباوه‌ڕێكی ئاینی نین.
هه‌ربۆیه له‌رووی ئاینه‌وه ئێستا كوردی موسڵمان جا چ سونه مه‌زهه‌ب بێت یان شیعه،كوردی ئێزدیی و كوردی زه‌رده‌شتی و كوردی شه‌به‌ك و كوردی كاكه‌یی و كوردیی مه‌سیحی و كوردی جووو عه‌لی ئیلاهی و عه‌له‌ویی و ئه‌هلی حه‌قمان هه‌یه،له‌ته‌نیشتیشیاندا ئه‌و كوردانه‌ی كه هه‌ڵگری هیچ ئاینێك نین.
له‌كوردستانیشدا وێڕای نه‌ته‌وه‌ی كورد ئێستا ،نه‌ته‌وه‌كانی توركمان و كلدانی وسریانی وئاشوریی و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب ده‌ژین. هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌انیشدا ده‌بێت بڵێین كه هه‌ندێك ئێزیدی و شه‌به‌كیشمان هه‌ن كه خۆیان به‌كورد نازانن یان پێیانخۆشتروباشتره به شه‌به‌ك و ئێزدی بناسرێن وه‌ك له‌وه‌ی به‌كورد.
دیاره له‌ساڵانی دواییشدا به‌تایبه‌تی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003 وه ،به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری عێراق هه‌زاران مرۆڤی صابییه و به‌هائی هاتونه‌ته هه‌رێمی كوردستان و تیایدا نیشته‌جێبوون،كه ئه‌وانیش ئێستا وه‌ك هاوڵاتییه‌كی كوردستانی ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و،گه‌لێكیشیان خزمه‌تی به‌رچاو به‌م هه‌رێمه ده‌گه‌یه‌نن.
هه‌رلێره‌وه مه‌به‌ستی من له‌كه‌مینه ئاینی ونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌م خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌موو ئه‌وانه ده‌گرێته‌وه.
چوارچێوه‌ی یاسایی مافی كه‌مینه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا
به‌هۆی نه‌بوونی ده‌ستوورێك له‌هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1992- 2015 كه ته‌مه‌نی چوار خولی په‌رله‌مانه له هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له‌یاسایه‌كمان هه‌یه كه كاروباری كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان رێكده‌خات،له‌وانه:
1- یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌ردی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی.
2- یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵی 1992 و هه‌مواره‌كانی
3- یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ولاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵی 1992 وهه‌مواره‌كانی.
4- یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له هه‌رێمی كوردستانی ساڵی 2014
5- -یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان
6- یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هڵبژاردن وراپرسی له هه‌رێمی كوردستان ژماره 4ی ساڵی 2014
7- یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی كوردستان ساڵی 2015
له دووتوێی ئه‌م یاسایانه ئه‌م مافانه ده‌بینین بۆ كه‌مینه وپێكهاته ئاینی ونه‌ته‌وه‌ییه‌كان:
یه‌كه‌م: له‌یاسای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌دا دان به مافی خوێندن بۆ توركمان و كلدانی وسریانی و ئاشوریدا ده‌نێت و له ناوه‌ندی وه‌زاره‌ت دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌یه كه یه‌كێكیان سه‌رپه‌رشتی خوێندنی توركمانی و ئه‌وی دیكه‌یان سه‌رپه‌رشتی خوێندنی كلدانی سریانی ئاشوری ده‌كات و چه‌ندین قوتابخانه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌واندایه له‌هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م: له یاسای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی هه‌رێمی كوردستان دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی بۆ كه‌مینه‌كان هه‌یه یه‌كه‌میان بۆ ئێزیدییه‌كان و دووهه‌میان بۆ مه‌سیحییه‌كان كه سه‌رپه‌رشتی لایه‌نی ئاینی ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ی كوردستان ده‌كات.
سێیه‌م: به پێی یاسای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره 14ی ساڵی 2007 هه‌یكه‌لیه‌تی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پێكدێت،كه دوانیان تایبه‌تن به كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی وئاینییه‌كان یه‌كه‌میان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری و هونه‌ریی سریانییه كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1996وه دامه‌زراوه و،ئه‌وی دیكه‌یان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی رۆشنبیری وهونه‌ریی توركمانی.هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه گرنگی به لایه‌نی رۆشنبیری وهونه‌ریی پێكهاته‌ی سریانی وكلدانی و ئاشوری له‌لایه‌ك وله‌لاشه‌وه گرنگی به رۆشنبیری وهونه‌ریی توركمان ده‌دات.
چواره‌م: له‌یاسای ژماره 7ی ساڵی 2014 ،یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان دان به زمانه‌كانی توركمانی و سریانی و ئه‌رمه‌نی ده‌نێت وه‌ك زمانی فه‌رمی له‌ناوچه‌كانی كه ئه‌وان تیایدا زۆرینه‌ن. هه‌رچه‌نده كه به‌شێك له هاونیشتمانیان له كه‌مینه‌كان ره‌خنه‌یان له چه‌ند بڕگه و مادده‌یه‌كی ئه‌و یاسایه هه‌یه.
پێنجه‌م: له‌یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا،رێژه‌ی كۆتا به‌م شێوه‌یه دیاریكراوه بۆ كه‌مینه‌كان:
أ-پێنج كورسی بۆ كلدانی سریانی ئاشورییه‌كان
ب-پێنج كورسی بۆ توركمان
ج-یه‌ك كورسی بۆ ئه‌رمه‌ن
به‌پێی یاسای ژماره 4ی ساڵی 2009ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا وناحییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی له مادده‌ی 32ی دووباره هاتووه كه:
-له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك 2 كوری ته‌رخان ده‌كرێت بۆ كلدان سریان ئاشووری هه‌روه‌ها كورسییه‌ك بۆ ئه‌رمه‌ن
-له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی یه‌ك كورسی ته‌رخانده‌كرێت بۆ كلدان سریان ئاشوری
-له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر 2 كورسی بۆ كلدان سریان ئاشوری و 3 كورسی بۆ توركمان ته‌رخان ده‌كرێت
-له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرنگتر ده‌ڵێت كه هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌ری هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك ته‌نها به‌ده‌نگی ئه‌و پێكهاته‌یه ده‌بێت،به‌ڵام ئاخۆ ئه‌وه چه‌ند جێبه‌جێكراوه وچه‌ند ئاماده‌سازیی هه‌یه بۆ ئه‌و مادده‌یه؟
لێره‌دا ده‌پرسین له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ئه‌و كورسیانه ته‌رخانكراون بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك وبه‌چ رێژه‌یه‌ك؟ هه‌روه‌ها بۆ پێكهاته‌كانی دیكه وه‌لانراون و هیچ كۆتایه‌كیان بۆ دیاریی نه‌كراوه؟ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانی دیكه به كوردیش ئه‌ژماركرابن و كۆتایان بۆ دانه‌نرابێت،به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وان تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی وكلتووری وئاینی خۆیان هه‌یه و پێویسته گرنگیان پێبدرێت،بێگومان هه‌موو حزبه‌كان ئه‌زموونیان هه‌یه به تایبه‌تی له دواین هه‌ڵبژاردنی عێراق و كوردستاندا پاڵێوراوانی كه‌مینه‌كان له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی حزبه‌كانیانه‌وه ده‌نگیان پێنه‌درا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ریزی پێشه‌وه‌ی لیستی پاڵێوراوان بووبن!
شه‌شه‌م: له یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هڵبژاردن وراپرسی له هه‌رێمی كوردستان ژماره 4ی ساڵی 2014 دا به‌تایبه‌تی له مادده‌ی پێنجه‌مدا له پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاراندا كه ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌نه‌كه له 9 ئه‌ندام پێكدێت باس له‌وه ده‌كات كه نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كانیشی تێدا بێت. بینیمان له ماوه‌ی رابردوو له كاتی پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا نوێنه‌رانی كه‌مینه‌كان رووبه‌رووی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان بوونه‌وه له‌وه‌ی كه به بێ پرسی ئه‌وان نوێنه‌ریان بۆ كه‌مینه‌كان له ئه‌نجومه‌نه‌كه داناوه‌و تاوه‌كو ئێستاش ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی نه‌كراوه!
حه‌وته‌م: له یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كانی كوردستان ساڵی 2015 كه له‌به‌رواری 21ی نیسانی 2015 له‌په‌رله‌مانی كوردستان په‌سندكراوه،بۆ یه‌كه‌مین جاره له‌هه‌رێمی كوردستان وته‌نانه‌ت عێراقیشدا یاسایه‌كی له‌و شێوه‌یه ده‌ربچێت و،نوێنه‌رانی پێكهاته‌كانیش له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگیان بۆ داوه‌و هه‌موولایه‌كیان رازی بوون. كه له‌و یاسایه‌دا چه‌ند مادده‌یه‌كی گرنگ هه‌یه له‌وانه بۆ یه‌كه‌م جاره له پێناسه‌ی پێكهاته‌كاندا وردتر مامه‌ڵه ده‌كات به‌تایبه‌تی كه ناوی صابیه‌ی مه‌ندائی وزه‌رده‌شتی و ئه‌وانی دیكه ده‌هێنێت ،به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوی خۆی لێنه‌داوه به‌تایبه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسی به‌هائییه‌كان ناكات كه له سه‌ده‌ی رابردوودا له‌عێراق به یاسا قه‌ده‌غه‌كراوه!
هه‌روه‌ها یاساكه خۆی له‌پرسی رێگه‌گرتن ویاساغكردنی جیاكاریی وهاندانی جیاكاری ده‌كات به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌كان ،جگه له‌مافه ئیداری و رۆشنبریی و په‌روه‌رده‌ییه‌كانی دیكه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت بگوترێت له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه كۆمه‌ڵێك پره‌نسیپی باشی تێدایه،به‌ڵام ئامرازه‌كانی جێبه‌جێكردن وئالیه‌ته‌كانی دیارنیه،بۆ نموونه ئه‌گه‌ر یه‌كێك جیاكاری كرد یان هانی جیاكاری دا چۆن سزا ده‌درێت و كێ سزای ده‌دات؟
دیاره له‌ته‌ك ئه‌و یاسایانه‌شدا له‌یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا مادده‌یه‌ك هه‌یه كه باس له‌وه ده‌كات له پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا ره‌چاوی به‌شداری پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌كرێت.
خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ یاساكان
1- ئه‌و مافانه‌ی كه به‌پێی ئه‌و یاسایانه دراون به كه‌مینه ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌چوارچێوه‌ی مافی خوێندن به‌زمانی خۆیان و مافی به‌كارهێنانی زمانی خۆیان و به‌شداری سیاسییه، هه‌ربۆیه‌ش له‌رووی ئه‌منی وسه‌ربازییه‌وه وه‌به‌شدارییان له پێكهاته‌ی پۆلیس وئاسایش و پێشمه‌رگه وله‌یاساكانی ئه‌و بواره‌دا هیچ شتێك نابینین له‌باره‌ی كه‌مینه‌كان وبه‌شداریانه‌وه.
2- له‌ئه‌و یاسایانه‌دا یاسادانه‌ری كوردستان له‌لایه‌ك نه‌یتوانیووه به‌وردی كه‌مینه‌كان بناسێنێت كه كه‌مینه‌كانی كوردستان كامانه‌ن،ئاخۆ هه‌ر توركمان وكلدان سریان ئاشووری و ئه‌رمه‌نن وه‌ك ئه‌وه‌ی له كۆتای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان په‌سندی كردووه، یاخود وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كردوویه‌تی وبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بۆ مه‌سیحی وئێزیدییه‌كان كردۆته‌وه یان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له یاسای مافی پێكهاته‌كان باس له توركمان ومه‌سیحی وئێزیدی وصابیه‌ی مه‌ندائی و زه‌رده‌شتی وكاكه‌یی ده‌كات؟ له‌ولاشه‌وه یاسادانه‌ری كوردستانی خۆی پاراستووه له ناساندنی كه‌مینه‌كان به‌گشتی و ته‌نها توركمان وكلدانی سریانی ئاشووری ئه‌رمه‌ن وه‌ك نه‌ته‌وه‌و مه‌سیحی وئێزدی وه‌ك ئاین ده‌ناسێت،ئه‌ی ئه‌وانی دیكه له‌زه‌رده‌شتی و كاكه‌یی وصابیئه‌ی مه‌ندائی و بهائی و ئه‌وانی دیكه ؟
3- به‌پێی ئه‌و یاسا جیاجیایانه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌كانی توركمان وكلدان سریان ئاشوری وئه‌رمه‌ن وه‌ك نه‌ته‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوونیان هه‌یه ،له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتییان هه‌یه،له كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن وراپرسی بوونیان هه‌یه،له‌ولاشه‌وه مه‌سیحی و ئێزیدییه‌كان له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیان هه‌یه، ده‌توانین لێره‌دا چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك بخوێنینه‌وه:
- ناوه‌ندێكی تایبه‌تی نیه له هه‌رێمی كوردستاندا كه سه‌رپه‌رشتی وئاڕاسته‌ی ئه‌م مافانه‌ی پێكهاته‌كان بكات
- ته‌نانه‌ت له په‌رله‌مانی كوردستاندا تاوه‌كو ئێستا لێژنه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی نیه بۆ كه‌مینه‌كان كه پێم وایه ناكرێت له لێژنه‌ی كاروباری ئاینیدا كورتبكرێته‌وه
- تا ئێستا له‌ئاستی ناوه‌ندی بڕیار چ له په‌رله‌مان یان له سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم یان له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كه‌مینه‌كان له ناوه‌ندی بڕیاردا نین له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1992 وه تاوه‌كو ئێستا.
- راسته كه یاسای هه‌ڵبژاردن كۆتای دیاری كردووه بۆ توركمان وكلدان سریان وئاشووری وئه‌رمه‌ن،به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه شێوازی ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و كورسیانه ته‌نها سنووردارنه‌كراوه بۆ ئه‌و كه‌مینانه بۆیه نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و كه‌مینانه تاوه‌كو ئێستاش گرفتی تێدایه،ته‌نانه‌ت دانانی نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان له ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن وراپرسی كوردستان له‌لایه‌ن حزبه باڵاده‌سته‌كانی كوردستانه‌وه بووه مایه‌ی ناڕه‌زایی ئه‌و كه‌مینانه هه‌رچه‌ند كه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه دایانناوون له خودی كه‌مینه‌كانن.
- ده‌بێت لێره‌دا ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه هه‌موو ئه‌و یاسایانه خۆیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و لائیحه 15 خاڵیه ده‌بینێته‌وه كه ساڵانی 2006-2007 حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاره‌زوومه‌ندانه خۆی پێوه‌پابه‌ندده‌كات،ته‌نانه‌ت خوودی ئه‌و لائیحه‌ی له‌هه‌ندێك رووه‌وه باشترن له یاساكان چونكه راشه‌كاوانه خۆی پابه‌ندده‌كات به یاسا‌و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به مافی كه‌مینه‌كان.
ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ومافی كه‌مینه‌كان
ره‌شنووسی ده‌ستووری كوردستان له‌كاتێكدا دێت كه له‌كوردستاندا له‌لایه‌ك چه‌ندین یاسا هه‌یه كه به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان مافی كه‌مینه‌كان رێكده‌خات وده‌پارێزێت،له‌ولاشه‌وه كورد له‌ساڵانی 2004-2005 ئه‌زموونی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی هه‌یه،بۆیه ده‌بێت ره‌شنووسی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌مه‌ندتربێت له‌یاساكانی هه‌رێمتایبه‌ت به كه‌مینه‌كان و له‌ره‌شنووسی ده‌ستووری عێراقیش،به‌ڵام ئاخۆ له‌ره‌شنووسه‌كه ئه‌وه به‌دیده‌كه‌ین؟
بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و وه‌ڵامانه بێگومان ئاوڕێك له مادده‌كانی نێو ره‌شنووسه‌كه ده‌ده‌ینه‌وه به‌م شێوه‌ی لای خواره‌وه:
یه‌كه‌م: له‌پێشه‌كی ده‌ستوورده‌كه‌دا كه به‌شێكی گرنگه له‌ده‌ستوور كاتێك كه ده‌یخوێنیته‌وه وینایه‌كی ئه‌وتۆت ناداتێ كه گوزارشت له فره‌یی وپێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كان بكات. هه‌رچه‌نده له‌شوێنێكدا ده‌ڵێت " بۆ هێنانه‌كایه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگایه‌كی كوردستانی، شارستانی، كه شانازی به پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانه‌وه بكات و گیانی برایه‌تی و لێبوورده‌یی باڵ به‌سه‌ر هه‌مووان دابكێشێ و هێزو توانای رۆله‌كانی كوردستان بخاته كار..."
به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها وه‌ك ئامانج خراوه‌ته روو له‌كاتێكدا له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا خستنه‌رووی قوربانی ئه‌و پێكهاتانه‌ش كه ئه‌وانیش له‌رابردوودا قوربانی ده‌ستی رژێمه‌كانی عێراق بوون و، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1991وه‌ش رۆڵی خۆیان ده‌گێڕن له قۆناغی ئاوه‌دانی و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له‌هه‌رێمی كوردستان.
دووه‌م: له‌مادده‌ی دووه‌مدا كه باس له‌سنووری جوگرافی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ناوچه‌كان ده‌خاته روو،بێگومان له‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و كه‌ركوك و خانه‌قین ومه‌نده‌لی رێژه‌ی كه‌مینه‌كان زیاد ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان ،چونكه مه‌سیحی وتوركمان وئێزیدیی و شه‌به‌ك وكاكه‌یی و صابیئه‌ی مه‌ندائی و زه‌رده‌شتییه‌كان زۆر زیاتر ده‌بن له‌وانه‌ی ئێستا له‌ناو هه‌رێمدا ده‌ژین،بۆیه هه‌ر لێره‌شه‌وه ده‌بێت ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه ئاخۆ ئه‌م ده‌ستووره بۆ هه‌رێمی كوردستانی ئێستا ده‌نوسرێت یان بۆ ئاینده‌و سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێم،باشه ئه‌گه‌ر بۆ ئاینده نوسرابێت وسبه‌ینێ كه‌مینه‌كان له‌ده‌شتی نه‌ینه‌وا یان پێكهاته‌كانی كه‌ركوك داخوازی ئه‌وه‌یان كرد كه هه‌رێمێك بن له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا،چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟خۆ دیاره پڕۆژه ده‌ستووره‌كه‌ی ئێستا له خاڵی سێیه‌می مادده‌ی دووهه‌مدا رێگری ده‌كات له دروستبوونی هه‌رێم له‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا.
سێیه‌م: له‌مادده‌ی پێنجه‌می ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه(گه‌لی هه‌رێمی كوردستان پێك هاتووه له كورد, توركمان, عه‌ره‌ب, كلدان وسریان وئاشووری, ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتیانی دیكه‌ی هه‌ێمی كوردستان).لێره‌دا پێویست ده‌كات له‌ناساندنی گه‌لی كوردستاندا وردتر مامه‌ڵه‌بكرێت و هه‌مووان بناسێنێت وهه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی وئاینیی و ئاینزاییه‌كان خۆیان له‌و ده‌ستووره‌دا ببیننه‌وه. پێم وایه ده‌بێت ئه‌وه‌ی كه له‌یاسای مافی پێكهاته‌كانی ساڵی 2015دا هاتووه له‌م خاڵه‌دا بنوسرێت و له‌ته‌ك ئه‌وانه‌ی باس كراوه پێویست ئاماژه به ئێزیدی وكاكه‌یی و ئه‌هلی حه‌ق و عه‌لی ئیلاهی و صابیئه‌ی مه‌ندائی و زه‌رده‌شتی وبه‌هائیش بدرێت.
چواره‌م: له‌مادده‌ی (6) ی ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه:
"ئه‌م ده‌ستووره دان به ناسنامه‌ی ئیسلامی زۆرینه‌ی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێ و رێزی لێ ده‌گرێ, و دان به ته‌واوی مافه ئایینیه‌كانی مه‌سیحی و ئێزدیه‌كان و ئه‌وانی دیكه داده‌نێ و سه‌ربه‌ستیی بیروباوه‌رو به‌رێوه‌بردنی رێ‌و ره‌سم و داب و نه‌ریتی ئایینی له هه‌رێمدا بۆ هه‌موو كه‌سێك دابین ده‌كات و بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام سه‌رچاوه یه‌كی سه‌ره‌كیی یاسادانانن ونابێ:
یه‌كه‌م: یاسایه‌ك دابندرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵا حوكمه نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام.
دووه‌م: یاسایه‌ك دابندرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵا بنه‌ماكانی دیموكراسی.
سێیه‌م: یاسایه‌ك دابندرێت ناكۆك بێت له‌گه‌ڵا ئه‌و ماف وئازادیه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی له‌م ده‌ستووره‌دا هاتوون".
دیاره ئه‌م مادده‌یه به‌راورد به ده‌ستووری عێراق له‌لایه‌ك لاسایی كردۆته‌وه له‌لایه‌كیش زۆر باشتره له‌وه‌ی عێراق،له‌رووی لاسایكردنه‌وه دیاره ئه‌و سازانه‌ی كه له‌عێراق كراوه بۆ تێكهه‌ڵكێشكردن له‌نێوان ئاین ودیموكراسی و ئاینی ئیسلام وئاینه‌كانی دیكه دیسان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌مان شتكراوه،به‌ڵام باشتر وایه ده‌بێت ناوی هه‌موو ئاینه‌كانی دیكه بهێنێت وناویان لێبنێت.
له‌ولاشه‌وه له‌وه‌ی عێراق زۆرباشتره چونكه ئاینێكی دیاریكراو ناكاته ئاینی سه‌ره‌كی هه‌رێم یان له ئاینده‌دا ده‌وڵه‌تی كوردستان.
پێنجه‌م: له‌مادده‌ی 11 ده‌دا به‌تایبه‌تی له خاڵی یه‌كه‌م ودووهه‌می دا كه به‌م شێوه‌یه هاتووه له ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌دا:
یه‌كه‌م: هه‌رێمی كوردستان-عێراق ئاڵایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه كه له ته‌ك ئاڵای فیدراڵیدا هه‌ڵده‌درێ، هه‌روه‌ها دروشم و سروودی نیشتمانی و جه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تیی خۆی ( نه‌ورۆز) یشی هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش به یاسا رێك ده‌خرێ.
دووه‌م: ئاڵاكه پێك دێت له ڕه‌نگی سوور, ئینجا سپی ئینجا سه‌وزو خۆرێكیش به ره‌نگی زه‌رد ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستیه‌وه كه بیست و یه‌ك تیشكی لێوه ده‌رده‌چن و به‌یاسایه‌ك ئه‌ندازه‌كانی دیارده‌كرێن و مانای پێكهاته‌كانی روونده‌كرێته‌وه.
له‌م دوو خاڵه‌دا له‌راستیدا هیچ هه‌ست ناكه‌یت كه ره‌نگدانه‌وه‌ی كه‌مینه‌كان به‌سه‌ر ئاڵا‌و سرودی نیشتمانی وچه‌ژنی نه‌ته‌وایه‌تی دا هه‌یه ،لێره‌دا كه‌مینه‌كان وه‌ك هاوبه‌ش ده‌رناكه‌ون له‌م هه‌رێمه‌داو وخۆیان نابیننه‌وه.پێم وایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی فره نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیه باشتر ودروستتروایه كه له‌م بڕگه‌یه‌دا ته‌نها بگوترێت كه (به‌یاسا ئاڵاوسرودی نیشتمانی چه‌ژنه‌كان رێكده‌خرێن باشتره و له‌وه‌ش باشتر ئه‌وه‌یه كه بگوترێت كه به‌پێی یاسایه‌ك رێكده‌خرێن كه گوزارشت له هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان بكه‌ن).
شه‌شه‌م: له‌مادده‌ی (12) ی ره‌شنووسه‌كه‌ی ده‌ستووردا له پرسی هێزی پێشمه‌رگه‌دا وه‌ك هێزێكی پارێزه‌ری هه‌رێم هاتووه:
هه‌رێمی كوردستان, به پێی بڕگه‌ی (پێنجه‌م) له مادده‌ی (121) ی ده‌ستووری فیدرالی, هێزێكی (پێشمه‌رگه) ی به‌رگریكاری هه‌یه بۆ پارێزگاریكردن له هه‌رێم, كه پێكهاته‌و ئه‌ركه‌كانی به یاسایه‌ك رێكده‌خرێن و نابێ مێلیشیای چه‌كدار له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسا پێكبهێنرێن.
له‌م خاڵه‌دا گرنگه كه بگوترێت هێزی پێشمه‌رگه له هه‌موو پێكهاته‌كانی هه‌رێم پێكدێت،چونكه له‌راستیدا ئێستا له‌ئه‌رزی واقیع وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ستی به‌دروستكردنی یه‌كه‌كانی ئێزیدی و شه‌به‌ك وكاكه‌یی و مه‌سیحی وئه‌وانی دیكه كردووه،له‌ولاشه‌وه ئه‌زموونی هه‌ندێك له‌وڵاتانی دونیا له هه‌بوونی هێزی خۆپارێزی بۆ كه‌مینه‌كان وته‌نانه‌ت كاره‌ساتی شه‌نگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا سه‌لماندی كه ده‌بێت كه‌مینه‌كان بۆنیان هه‌بێت له‌ناوه‌ندی بڕیار و هێزی پاراستنی خۆیان،بۆیه رێكخستنی ئه‌م پرسه له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور به‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه وه‌ك هێزێكی پارێزه‌ر و به‌رگریكار ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان ده‌بێت كارێكی گرنگه.
حه‌وته‌م: له‌مادده‌ی 14 دا باس له به‌كارهێنانی زمانه‌كانی كوردی وعه‌ره‌بی وه‌ك دوو زمانی فه‌رمی هه‌روه‌ها زمانه‌كانی توركمانی وسریانی ده‌كات جگه له‌وه‌ی كه دان ده‌نێت به‌خوێندن به‌و زمانانه بۆ ئه‌و كه‌مینانه دانیش به‌وه‌دا ده‌نێت كه ده‌توانن له‌یه‌كه‌كانی كه ئه‌وان زۆرینه‌ن تیایدا به زمانی فه‌رمی ده‌ناسێنێت له‌ته‌ك كوردی وعه‌ره‌بیدا و،دیاره ده‌ڵێت به‌یاسا رێكده‌خرێت و،بێگومان یاساكه‌ش له‌په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵی 2014 ده‌رچوو.
هه‌شته‌م: له مادده‌ی 19ی ده‌ستووردا به‌تایبه‌تی له‌خاڵی نۆیه‌مدا هاتووه:
"زۆر لێ‌كردن له ئاییندا نیه, و هه‌موو كه‌س مافی ئازادیی ئایین و بیر‌و باوه‌رو بیركردنه‌وه‌و ویژدانی هه‌یه‌و حكوومه‌تی هه‌رێم ئازادیی موسڵمان و مه‌سیحی و ئێزدی و كه‌سانی دیش له به جێگه‌یاندنی رێ‌و ره‌سمی خواپه‌رستی و داب و نه‌ریته ئایینیه‌كاندا ده‌سته‌به‌ر ده‌كا, بێ ئه‌وه‌ی كه‌س پێشیان پێ بگرێ، هه‌روه‌ها رێزی مزگه‌وت و كه‌نیسه‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ی خواپه‌رستی ده‌سته‌به‌ر ده‌كا. وبۆ پاراستنی رێزی ئه‌و شوێنانه‌و پیرۆزیی په‌یامه‌كه‌یان, قه‌ده‌غه‌یه مزگه‌وت و كه‌نیسه‌و شوێنه‌كانی خواپه‌رستی بكرێنه گۆره‌پانی چاڵاكیی حزبی و سیاسیی".
مادده‌یه‌كی گرنگه كه ئازادیی ئاینداری ونائاینداری ده‌سه‌لمێنێت،ده‌رفه‌تدانی یه‌كسان ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئاینه‌كان، و رێزگرتن له‌بیروباوه‌ڕی ئاینی ،به‌ڵام گرنگه وه‌ك چۆن به‌ناو ناوی موسڵمان ومه‌سیحی وئێزیدی ده‌هێنێت هه‌رئاوه‌هاش ناوی زه‌رده‌شتی و كاكه‌یی وصابیئه‌ی مه‌ندائی و به‌هائیش بهێنرێت.
رێزگرتن له‌بیروباوه‌ڕی ئاینی ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تی زیندانیكردنیشدا دانپێدانراوده‌بێت به‌پێی ئه‌م ده‌ستووره به‌تایبه‌تی له‌بڕگه‌ی دووازده‌هه‌م له مادده‌ی 22 دا كه ده‌ڵێت" ده‌بێ رێز له بیر و باوه‌ری ئایینی و بنه‌ما ره‌وشتیه‌كانی زیندانیان بگیرێ".
له‌هه‌مان مادده‌ی 19 به‌تایبه‌تی له خاڵی نۆزده‌هه‌مدا هاتووه" ده‌ركردنی به كۆمه‌ڵ قه‌ده‌غه‌یه". ئه‌مخاڵه ئه‌گه‌ر چی راسته‌وخۆباسی كه‌مینه‌كان ناكات،به‌ڵام له‌راستیدا له ئه‌زموونی رژێمه‌كانی پێشووی عێراق ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه بۆی هه‌یه هه‌ر كاتێك كه‌مینه‌یه‌ك تۆمه‌تبار بكرێت و ده‌ربكرێت ورایبگوازێت وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به كوردی فه‌یلی و راگواستنی كورد و توركمان ومه‌سیحییه‌كان كردێ.بۆیه ئه‌م مادده‌یه گرنگه بۆ كه‌مینه‌كان كه وه‌ك چه‌كێكی ده‌ستووری له‌ده‌ستیاندا ده‌بێت كه "ده‌ركردنی به‌كۆمه‌ڵ قه‌ده‌غه‌یه" به‌رامبه‌ر به‌هه‌ر هه‌وڵێكی له‌وچه‌شنه له ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستاندا!
نۆیه‌م: له‌مادده‌ی 20ی ره‌شنووسی ده‌ستووردا كه تایبه‌ته به یه‌كسانی هاتووه:
" یه‌كه‌م: هه‌موو كه‌س به‌رامبه‌ر به یاسا یه‌كسانه.
دووه‌م: هه‌موو چه‌شنه جیاكاریه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌ز، ڕه‌گ، زمان، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، وڵاتنامه، بنه‌چه، ئایین، بیروباوه‌ڕ، ئایدیۆلۆژی، ته‌مه‌ن، باری ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی, سیاسی, یان كه‌م ئه‌ندامی قه‌ده‌غه‌یه.
بنه‌مای یه‌كسانیش كۆسپ ناخاته پێش سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌وارو ده‌رهاوێشته‌كانی ئه‌و سته‌مه‌ی له ڕابردوودا له‌لایه‌ن ڕژێمه فه‌رمانڕه‌واكانی پێشووه‌وه ده‌رهه‌قی هاوڵاتیانی كوردستان-عیراق و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و زمانه‌وانیه‌كان كراوه".
ئه‌م مادده‌یه‌ش یه‌كێكه له‌مادده گرنگه‌كانی ده‌ستووری كوردستان كه یه‌كسانی وهاوتایی هاونیشتمتنیانی كوردستان ده‌سه‌لمێنێت،جگه له‌وه‌ی كه هه‌موو جیاكاریه‌ك ره‌تده‌كاته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز وئاین وپێگه،به‌ڵام باشتر وایه راشكاوانه‌تر باس له جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای ئاینزا ومه‌زهه‌ب هه‌روه‌ها جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای پێست وره‌نگی پێستیش بكات.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌م مادده‌یه گرنگه كه ده‌یه‌وێت شوێنه‌واره‌كانی سته‌می فه‌رمانڕه‌واكانی رابردوو له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی وئاینییه‌كانی كوردستان نه‌هێڵێت، به‌ڵام پێم وایه ده‌بێت هیچ شوێنه‌واری سته‌م و شێواندن نه‌هێڵێت ئه‌وه‌ی له‌رابردوو كراوه یان ئێستا ده‌كرێت به‌تایبه‌تی له‌ناوچه جێ ناكۆكه‌كان كه به پێی ئه‌م ده‌ستووره ده‌بنه‌وه به‌شێكی زیندووی كوردستان.
ده‌یه‌م: له‌مادده‌ی 29-36ی ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌دا كه له‌ژێر ناونیشانی به‌شی سێیه‌م (مافه نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانی پێكهاته‌جۆراوجۆره‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق)رێكخراوه هه‌موویان تایبه‌تن به مافی كه‌مینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌م شێوه‌ی خواره‌وه:
مادده‌ی (29): ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به یه‌كێك له پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانن له هه‌رێمدا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به ناوی خۆیانه‌وه به فه‌رمی بناسرێن و مافی ئه‌وه‌شیان هه‌یه، ، ناوی شوێنه خۆجییه نه‌ریتیه‌كانیان به زمانی خۆیان به‌كار بێنن, له‌گه‌ڵا پابه‌ندبوونیان به حوكمه‌كانی یاسای زمانه‌كانی كارپێكراو له هه‌رێمی كوردستان.
مادده‌ی (30)
یه‌كه‌م: نابێ حوكمه‌كانی باری كه‌سێتیی په‌یڕه‌وانی ئایینێك له سه‌ر په‌یڕه‌وانی ئایینێكی دیكه‌دا بسه‌پێندرێن.
دووه‌م: په‌یڕه‌وانی ئایین و ئایینزاكانی نا موسوڵمان وه‌ك مه‌سیحی و ئێزدیه‌كان وهیدیكه، بۆیان هه‌یه ئه‌نجومه‌نی ئایینی خۆیان دابمه‌زرێنن و په‌یڕه‌وی له حوكمه‌كانی تایبه‌ت به باری كه‌سێتیان بكه‌ن كه به یاسا دیار ده‌كرێن و دادگای مادده كه‌سیه‌كانیش لێیان ده‌ڕوانێ‌و حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایانه‌ی پێوه‌ندیان به مادده كه‌سیه‌كانی ئه‌وانه‌وه هه‌یه، هه‌تا به‌یاسایه‌ك هه‌موارده‌كرێن, یان هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه، كاریان پێ ده‌كرێ.
ئه‌م مادده‌یه له‌وانه‌یه له‌رواڵه‌تدا مادده‌یكی گرنگدیاربێت بۆ پێكهاته‌كان كه ناكرێت حوكمی باری كه‌سێتی ئاینێك به‌سه‌ر ئاینێكی دیكه بسه‌پێندرێت،به‌ڵام له‌به‌شه‌كی دووه‌هه‌می دا هه‌مان ئه‌و گرفته‌یه كه له مادده‌ی 41ی ده‌ستووری عێراقیدا هه‌یه،كه له‌لایه‌ك باره‌ی كه‌سێتی شارستانی ناهێڵێت كه په‌یڕه‌وییه‌ك بێت بۆ هه‌موو هاونیشتمانیانی هه‌رێمی كوردستان له‌ولاشه‌وه بۆی هه‌یه گرفته‌كانی نموونه‌ی ئه‌و ره‌شنووسی یاسایه‌ی كه له‌به‌غدا نوسراوه‌ته‌وه له‌ژێرناونیشانی (یاسی جه‌عفه‌ری)كه رێگه به ده‌لاقه وئیغتیسابی كچانی منداڵی 9 ساڵان ده‌دات دروست ببێت ، هه‌روه‌ها ئه‌و گرفته‌ی كه له لوبنان هه‌یه و زه‌واجی شارستانی نیه دروست ببێت و وای لێبێت له هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به‌هه‌زارن كچ وكوڕی ئه‌م وڵاته كه نایانه‌وێت به تایفیگه‌رای زه‌واج بكه‌ن روو له وڵاتانی دیكه بكه‌ن بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ی هاوسه‌رگیرییه.
مادده‌ی (31) پابه‌ند بوونی كاربه‌ده‌ستان به ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كسانیه‌وه
كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ بنه‌مای یه‌كسانیه‌كی كارا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و كاربكه‌ن بۆ به‌دیهێنانیان له‌نێو خه‌ڵكانی سه‌ر به پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كانداو كه‌شێكی دابینكه‌ر ئاماده بكه‌ن كه ناسنامه‌یان بپارێزرێ و ڕێكاری پێویست بۆ پته‌وكردنیشی بگرنه‌به‌ر.
مادده‌ی (32) پابه‌ند بوونی كاربه‌ده‌ستان به دووركه‌وتنه‌وه له دوورخستنه‌وه‌ی به‌زۆره‌ملێ
یه‌كه‌م: كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم ده‌بێ كه‌سانی سه‌ر به پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان بپارێزن له گرتنه‌به‌ری هه‌ر رێكارێك به مه‌به‌ستی دوور خستنه‌وه‌یان به زۆره‌مڵێ. و ده‌بێ پشتیوانیان لێ بكه‌ن و هانیان بده‌ن بۆ دامه‌زراندنی رابیته‌و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌و به‌رده‌وامبوونیان.
دووه‌م: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده به نه‌هێشتنی گۆڕینی به ئه‌نقه‌ست له ڕێژه‌ی دانیشتوان له‌و ناوچانه‌ی كه پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی, یان ئایینی لێ ده‌ژیت، بێ ئه‌وه‌ی كاربكاته سه‌ر پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری به عه‌ره‌بكردن و ڕاگوێزانه زۆره‌مڵییه‌ی كه ڕژێمی به‌عس له كه‌ركووك وناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان-عیراق ئه‌نجامی داوون.
مادده‌یه‌كی گرنگه به‌ڵام پێویسته ئه‌و پڕۆسه‌یه نه‌هێشتنی گۆڕینی به ئه‌نقسه‌ت ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش بگرێته‌وه كه له‌م ساڵانه‌ی دوایی روویداوه له‌ته‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌رده‌می به‌عس روویانداوه. هه‌روه‌ها گرنگه كه له‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان پاره‌یه‌كی دیاریكراو ته‌رخانبكرێت بۆ گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ناوچانه چونكه له‌راستیدا ئه‌وناوچانه‌ی له‌رووی گه‌شه‌پێدانه‌وه زۆر دواخراون.
مادده‌ی (33)
كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان بنه‌مای ڕێزلێكگرتن پته‌و ده‌كه‌ن له نێوان هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌له هه‌رێم نیشته‌جێن, به تایبه‌تی له بواره‌كانی خوێندن و راگه‌یاندن و رووناكبیری گشتیدا و هه‌ڵومه‌رجی پێویست ده‌ره‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی سه‌ر به پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان به‌شداریه‌كی كارایان له‌گشت بواره‌كانی ژیاندا هه‌بێ.
مادده‌ی (34)
هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی ئایینی له هه‌رێمدا مافی خۆیه‌تی ئه‌نجومه‌نێك بۆ گه‌شه پێدان و ڕێكخستنی كاروباری ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌له‌پووریی خۆی دابمه‌زرێنێ و په‌ره‌ی پێ بدا، ئه‌مه‌ش به یاسایه‌ك ڕێكده‌خرێ.
خاڵێكی گرنگه ،به‌ڵام باشتر وابوو ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجومه‌نێكی باڵای راوێژكاریدابن جا چ سه‌ر به حكومه‌ت یان په‌رله‌مان یان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بێت،بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌و كاته‌ی كه په‌ره به كاروباری رۆشنبری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌له‌پوری خۆیان ده‌ده‌ن له‌هه‌مانكاتدا راوێژ بده‌ن به ده‌سه‌ڵاتدارنی هه‌رێم له گه‌شه‌پێدان وبه‌ره‌وپێشبردنی مافه‌كانی ئه‌و كه‌مینانه ودابینكردنی پێداویستییه‌كانیان.
مادده‌ی (35): ئه‌م ده‌ستووره مافی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆشنبیری وكارگێڕی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات بۆ توركمان, عه‌ره‌ب, كلدان وسریان وئاشووری, ئه‌رمه‌ن به مافی ئۆتۆنۆمیشه‌وه بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك زۆرینه‌ی هه‌بێت. ئه‌مه‌ش به یاسایه‌ك رێكده‌خرێ.
مادده‌یه‌كی گرنگه‌و له‌هیچ یه‌ك له‌یاساكانی پێشووتری بواری كه‌مینه‌كان له‌كوردستان ئاماژه‌ی بۆ نه‌كراوه،به‌ڵام پێم وایه ده‌بێت ئه‌و مافه به پێكهاته ئانییه‌كانیش بدات نه‌ك وه‌ك ئاینی به‌ڵكو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و كلتووری وئاینی خۆیان هه‌یه نموونه‌ی ئێزیدی و كاكه‌یی وشه‌به‌ك .
مادده‌ی (36): ئه‌و حوكمانه‌ی له‌و به‌شه‌دا هاتوون سه‌رباری ئه‌و مافانه‌ن كه‌له‌م ده‌ستووره‌دا بۆ پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان هاتوون.
یازده‌یه‌م: له‌مادده‌ی 37 داهاتووه :
سه‌رباری ئه‌و مافانه‌ی له‌م ده‌ستووره‌و له یاسای نێو ده‌وله‌تیدا بۆی ده‌سته‌به‌ر كراون، هه‌ركه‌سێك مافی خۆیه‌تی كه‌لك له‌و مافانه‌ش وه‌ربگرێ كه‌له ڕێككه‌وتننامه‌و په‌یماننامه‌و به‌ڵێننامه‌و جاڕنامه نێو ده‌وله‌تیه‌كانی پێوه‌ندیدار به مافی مرۆڤه‌وه هاتوون و عێراق چۆته ناویانه‌وه, یان په‌سندی كردوون.
هه‌روه‌ها له‌مادده‌ی (38) دا هاتووه :
یه‌كه‌م: نابێ هیچ كۆتێك دابنرێ له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئه‌و مافه شارستانی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ڕۆشنبیریانه‌و مافه‌كانی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیانه‌ی كه‌له‌م ده‌ستووره‌دا دانیان پێدانراوه، مه‌گه‌ر به‌یاسا بێت، به‌مه‌رجێ ئه‌و كۆته‌ی داده‌ندرێت كرۆكی مافه‌كان نه‌پێكێت, ئه‌ویش به پێی پێویست وباو بێت له كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراتی ئاشتیخوازی بنیاتنراو له‌سه‌ر فره‌لایه‌نی ورێزگرتن ویه‌كسانی وئازادیدا. هه‌ر كۆتێكیش به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌مه‌بێ به‌هیچ داده‌ندرێت.
دوازده‌یه‌م:
له‌مادده‌ی 41دا كه باس له نوێنه‌رایه‌تیككردن ده‌كات له په‌رله‌مانی كوردستان به‌تایبه‌تی له خاڵی دووه‌میدا به‌م شێوه‌یه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات" دووه‌م: له سسته‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نداماندا نوێنه‌رایه‌تیی دادپه‌روه‌رانه‌ی پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان وڕێژه‌ی به‌لای كه‌م, (30%)ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان_عێراق بۆ ژنان له‌به‌ر چاو ده‌گیرێ".
له‌م خاڵه‌دا گوتراوه نوێنه‌رایه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌ی پێكهاته‌كان له‌به‌رچاوده‌گیرێت،به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌گوتراوه كێن ئه‌و پێكهاتانه،ئاخۆ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه ته‌نها توركمان وكلدانسریان ئاشوری و ئه‌رمه‌ن ده‌گرێته‌وه،یاخود ده‌بێت ئێزیدی وكاكه‌یی وشه‌به‌ك وئه‌وانی دیكه‌ش بگرێته‌وه؟
پێم وایه گرنگ بوو وه‌ك چۆن رێژی لایه‌نی كه‌می بۆ ئافره‌تان دیاریكردووه،ئاوه‌هاش رێژه‌ی لایه‌نی كه‌می بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك دیاریی بكردبایه.
سێزده‌یه‌م: له مادده‌ی (72) دا كه له‌چوارچێوه‌ی پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه باس له‌وه ده‌كات كه" له پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نوێنه‌رایه‌تیه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان-عیراق ڕه‌چاوده‌كرێ".
دیاره كه ئه‌و پرسه لێره‌دا روون نیه كام پێكهاتانه به‌تایبه‌تی له كه‌مینه‌كان به‌شدارده‌بن و بۆ یاسا به‌جێهێشتراوه‌و به‌تایبه‌تی یاسای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وهه‌مواره‌كانی دیاره له‌ویاسایه‌شدا له‌وێ ناوی پێكهاته‌كان نه‌هاتووه له‌رابردوودا،ئه‌وه‌ی كه وه‌ك عورفیش په‌یڕه‌ویی كراوه ئه‌وه‌یه كه ته‌نها به‌شداری به توركمان وكلدان سریان ئاشورییه‌كان كراوه له كابینه حكومییه‌كاندا،ئه‌گه‌ر نا له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1991 تاوه‌كو ئێستا یه‌ك وه‌زیری ئێزیدی و كاكه‌یی و شه‌به‌ك وه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌كانیان له كابینه حكومییه‌كاندا بوونیان نه‌بووه.
بۆیه لێره‌دا به‌دروستتری ده‌زانم مادده‌كه وادابڕێژێت كه راشكاوانه بڵێت نوێنه‌رایه‌تی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی وئاینییه‌كانی كوردستان بكات.
چوارده‌یه‌م: له‌مادده‌ی 91 و92 كاتێك كه باس له پێكهێنانی دادگای ده‌ستووری ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان و كاتێك ئه‌م دادگایه تایبه‌تمه‌ندبێت به راڤه‌ی ده‌ستووره‌كه وچاودێریكردنی ده‌ستووری بوونی یاساكان و،ئه‌م ده‌ستووره‌ش ده‌یان مادده‌ی تایبه‌تی تێدابێت بۆ پێكهاته‌كان ئاخۆ پێویست نیه پێكهاته‌ی ئه‌و دادگایه به‌واتایه‌كی دیكه ئه‌ندامانی ئه‌و دادگایه ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته جیاجیاكانی كوردستانی پێوه‌بێت سه‌رباری هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه‌ی كه بۆ ئه‌ندامی دادگاكه‌ی داناوه.
خۆ ئه‌وه‌تا له‌پێكهێنانی دادگای باڵای ئیتیحادی له‌عێراق جۆرێك له‌سازان كرا‌و ئه‌ندامه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته جیاجیاكانی پێوه‌دیاره.
پانزه‌یه‌م: له‌مادده‌ی 106 به‌تایبه‌تی له بڕگه‌ی یه‌كه‌مدا كه باس له هه‌ڵبژاردن ده‌كات بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و قه‌زا وناحییه‌كان له ره‌شنووسی ده‌ستووره‌كه‌دا هاتووه" یه‌كه‌م: له پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كان و شاره‌وانیه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تیه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی پێكهاته‌كانی ئه‌و یه‌كه كارگێریه، یان شاره‌وانیه له‌به‌رچاو ده‌گیرێ و ئه‌مه‌ش به یاسا رێكده‌خرێ".
ئه‌مه‌ش وه‌ك له چوارچێوه‌ی یاساییه‌كه‌دا ئاماژه‌مان بۆی كردووه، له‌ئاستی پارێزگاكان ته‌نها چه‌ند كۆتایه‌كی بۆ هه‌ندێك كه‌مینه داناوه كه شێوازی دانانه‌كه‌ی روون نیه ،هه‌روه‌ها چه‌ندین كه‌مینه‌ی دیكه‌ش كۆتای بۆ دانه‌نراوه و ئه‌وه‌ش روون نیه بۆ دانه‌نراوه.جگه له‌وه‌ش ئه‌م دانانی كۆتایه له ئاستی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دانه‌به‌زیووه بۆ ئاستی قه‌زاو ناحییه و...تد.